English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری کارەبا: نزیکەی نیوەی کارەبای بەرھەمھێنراوی ھەرێمی کوردستان بە وزەی پاکە
2022-05-17 [02:58 AM]

ZNA- ھەولێر


بەمەبەستی خستنەڕووی دۆخی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان و دوایین زانیاری و وردەکاریی لەسەر پڕۆژەکانی کارەبا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا و تێیدا باس لە باشتربوونی دۆخی کارەبا دەکات.

- وەزارەتی کارەبا پڕۆژەیەکی تێستی ھەیە ئەویش پێدانی کارەبا بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، ئەو پڕۆژەیە چییە و مەبەست لێی چییە؟
کەمال محەمەد: ساڵانە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەم تێستە ئەنجام دەدرێت لەو پرۆسەیەدا ٤٨ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە ھاووڵاتیان تا بزانرێت خواستی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بەکارھێنانی کارەبا چەندە، چونکە بەوە ژمارەی مێگاواتەکانمان بۆ دەردەچێت. وا پێشبینی دەکەین خواستی بەکارھێنانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەرێمی کوردستان لە نێوان ٤ ھەزار بۆ ٤ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بێت، بەڵام ئێمە ٣ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبامان ھەیە. ساڵی ڕابردوو ٤٢%ی بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ پارێزگای ھەولێر و ٢٤.٥%ی بۆ پارێزگا‌ی دھۆک و ٢٨.٨%ی بۆ پارێزگا‌ی سلێمانی و ٤.٧%ی بۆ گەرمیان بوو. گەشەکردنی پارێزگەکان جیاوازە، بۆیە ئەو تێستە بڕی پێویستی پارێزگا یا ئیدارەکە بۆ کارەبا دەردەخات، بەمەش کار لەسەر دابەشکردنی کارەبای بەرھەمھێنراو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەکرێت. ١٥ و ١٦ی ئایاری ئەمساڵ لە زاخۆ، ڕاپەڕین ، سۆران، گەرمیان ، ھەڵەبجە و سلێمانی دەستمان بە تێستەکە کرد و ١٧ و١٨ی ئایار لە ھەولێر و دھۆک ئەنجام دەدرێت.
لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ناوچەی پیشەسازی ھەن، بەڵام کارەباکەیان ھیچ پەیوەندییەکی بەو کارەبایە نییە کە بە ھاووڵاتیانی دەدەین. داھاتی ناوچە پیشەسازییەکان دەکەینە پڕۆژە بۆ دەڤەرەکە، بۆ نموونە ئەمساڵ ٤٤ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینارمان کردە پڕۆژە بۆ دەڤەری بازیان ـ ڕاپەڕین و سەیدسادق ـ تانجەرۆ، ھەروەھا کڕینی سێ وێستگەی مۆبایل، لە مانگی شوباتی ڕابردووش ٤٩ ملیاری دیکە بۆ گەرمیان و ڕاپەڕین و ھەڵەبجە لە داھاتی ناوچە پیشەسازییەکان دابین کراوە.


- پڕۆژەی پێوەری زیرەک گەیشتووەتە چ قۆناغێک؟
کەمال محەمەد: پڕۆژەکە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم دەستی پێ کرد. ئەوکات ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبامان ھەبوو، تا ئێستا ٣٢٢ ھەزار ھاوبەشی دیکە زیادی کردووە. وەک پاکێجی یەکەم ٨٧%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و ملیۆنێک و ٢٥٣ ھەزار ھاوبەش پێوەرەکەیان بۆ بەستراوە. ئەمەش کاریگەری ھەبووە لەسەر ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی کارەبا. بۆ نموونە لە مانگی شوبات و کاتی سەرما ژمارەی ئەمپێرمان ھێنایە خوارەوە بەوەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیادی کرد. پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم ٤٥%ی بڕی کارەبای بەرھەمھاتوو نادیار بوو، بەڵام بەھۆی پڕۆژەی پێوەری زیرەک ئەم ڕێژەیە بۆ ٣١% کەم بووەتەوە کە ١٢%ی بە ھۆکاری تەکنیکی ون دەبێت و ئەمەش لە ھەموو دونیادا ھەیە، ئومێد دەکەین ئەو ٣٠٠ ھەزار پێوەرەی ماوە بیبەستین.

ـ بۆچی پڕۆژەی وێستگەی کاشێ تا ئێستا نەکەوتووەتە کار؟
کەمال محەمەد: پڕۆژەی وێستگەی کاشێ لە ٨ یەکە پێکھاتووە و توانای بەرھەمھێنانی ١٠٠٠ مێگاوات کارەبای ھەیە، ئەو وێستگەیە ھەم بە دیزڵ و ھەم بە غاز کار دەکات. بەھۆی نەبوونی غاز و جێبەجێنەکرانی بۆڕیی غازی ھەولێر ـ دھۆک تەنیا ٥%ی وێستگەکە کار دەکات. کار بە دیزڵیش ناکەین، چونکە تێچووەکەی بۆ ھەر کیلۆواتێک ١٨ سەنتە و ئەمەش لەسەر حکومەت زۆرە، بۆیە بە ناچاریی ٥٠ مێگاوات کارەبای لێ بەرھەم دەھێنین. ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستی کردووە بۆ ئەوەی پایپ ڵاین بگەیەنێتە دھۆک، چونکە بە گوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا نیسانی ٢٠٢٣، ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا غاز بەرھەم دێت و وێستگەکەشمان پێویستی بە ٢١٦ ملیۆن پێ سێجا غاز ھەیە. ئەوکات دەتوانین بیخەینە کار بە مەرجێک بۆڕی غازی نێوان ھەولێر و دھۆکیش تەواو ببێت کە درێژییەکەی ١٦٢ کیلۆمەترە.

لە ھەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکمان ھەیە لە ڕێگەی وزەی پاک کارەبا بەرھەم دێنن. جیاوازی ئەو وێستگانە لەگەڵ ئەوانەی بە گازی سروشتی کار دەکەن لەڕووی تێچووەوە چییە؟
کەمال محەمەد: پێش کابینەی نۆیەم ١٣ پڕۆژەی کارەبامان ھەبوو کە دەیانتوانی ٦٧٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنن، لەو بڕەیە تەنیا ٦٤٩ مێگاواتی لە ڕێگەی وزەی پاکەوە بەرھەم دەھات کە ٢٤%ی دەکرد، لە کابینەی نۆیەم بڕی بەرھەم گەیشتە ٢ھەزار و٤٩٢ مێگاوات کە لەو ژمارەیە ھەزار و٩٥٢ مێگاواتی لە وزەی پاک بەرھەم دێت (وەک بەرھەمھێنانی کارەبا لە بازیان و خورمەڵە و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان بە ھەڵم و غاز و ئاو) لە مانگی شەشیش لە سەرسەنگ دەست بەو جۆرە پرۆژەیەش دەکرێت کە بڕەکەی دەگاتە ٣٥٠ مێگاوات کارەبا.

ـ ئەو کارەبایەی لە لایەن ھاووڵاتیان یاخود لایەنێکی دیکەوە لە وزەی پاک بەرھەم دێت و ئەگەر بڕەکەی لە پێداویستی خۆی زیاتر بێت ئێوە وەک وەزارەتی کارەبا دەتوانن لێی بکڕنەوە؟
کەمال محەمەد: ھەر کارێک کە ئەنجام دەدرێت دەبێت کارێکی یاسایی بێت. لە یاسای ٢٠٠٦ی وەزارەتی کارەبا ئەمە نەبوو، بەڵام دوای ھەموارکردنەوەی یاساکە بڕگەیەکمان زیاد کرد بەوەی زیادە لە پێویستیی ھاووڵاتی کارەبا بدرێتەوە بە تۆڕی نیشتیمانی و ئێمەش بە شێوەی مەقاسە بۆی ھەژمار دەکەین واتا ئێمە کارەبا بە مەقاسە دەدەین، بەو واتایەی شتێک لای من ھەیە و شتێک لای تۆش ھەیە، لەم حاڵەتەدا بەراورد دەکرێت کە کامەیان زیاترە و کامەیان کەمترە. بۆ نموونە قوتابخانەی نۆڵێج ٢٥٠ کەی.ڤی سولەری دانا، ڕەنگە بە ڕۆژ ھاوکات لە کاتی دەوام ئەم ٢٥٠ کەی.ڤییەی بەش نەکات، بۆیە ھەندێکی تری لە تۆڕی گشتی وەردەگرێت، بەڵام دوای دەوام وزەیەکی زیاد ھەیە دێتە ناو تۆڕ، یان پشووی سەری ساڵە، کە ئەم پشووە لە قوتابخانەکە سێ مانگ بەردەوام دەبێت و ئەو وزەیە دێتە ناو تۆڕەکە، ئێمە دێین ئەم وزەیە بۆ ئەو ھەژمار دەکەین، واتە ئەو چەند بە ئێمە دەدات و ئێمە چەند بە ئەو دەدەینەوە. ئەگەر ھی قوتابخانەکە بۆ لای ئێمە ھاتبێ ئێمە بۆی ھەژمار دەکەین، بەڵام ئەگەر ھی ئێمە بۆی چوو بێت، دەبێت ئەو پارە بدات، ئەوەی کە بۆ ئێمە ھاتووە، ئێمە دابەشی سەر لقەکانی تری قوتابخانەکەی دەکەینەوە لە شارەکانی تر، ئەم حاڵەتە بۆ ھاووڵاتییەکی ئاساییش ھەمان شتە، چونکە ھاووڵاتی بە ڕۆژ لە زستاندا کارەبا لە تۆڕی نیشتیمانی دەبات، بەڵام لە ڕۆژ کارەبا لە وزەی خۆر دەبات، کەواتە بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە ئەمە مەبدەئی مەقاسەیە.

ـ لە وێستگەی دەربەندیخان و دوکان، چەند یەکەی کارەبا ھەیە و چەند کارەبایان لێ بەرھەم دێت؟
کەمال محەمەد: بەنداوی دەربەندیخان سێ یەکەکەی کارۆئاوییە، کە ھەر یەکێکیان ٨٣ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت، واتە بە کۆی گشتی ٢٤٩ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن. بەنداوی دوکانیش لە پێنج یەکەی کارۆئاوی پێک ھاتووە، ھەر یەکێکیان ٨٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن، کە کۆی گشتی دەکاتە ٤٠٠ مێگاوات، کە بە ھەردوو بەنداوەکەش ٦٤٩ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن. بەھۆی ئەوەی ھەردوو بەنداوەکە پشت بە ئاوی باران دەبەستن، بۆیە لە مانگی یەک تا چوار، ھی ھەردوو بەنداوەکە ٥٧ مێگاوات کارەبامان ھەبوو، واتە تەنھا ٩%ـی کۆی وزەی دیزیاینکراو بووە. ھۆکارەکەشی وشکەساڵییە، چونکە ئەگەر ئاو ھەبێت، دەتوانین سێ یەکەی بەنداوی دوکان بە ‌گەڕ بخەین. بەردانەوەی ئاو بە دەست وەزارەتی کارەباش نییە، بەڵکو بە دەست وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی ئاو و ئاوەڕۆی عێراقە کە ھەر دوو لا بە ھەماھەنگی ئەم کارە دەکەن، چونکە بەردانەوەی ئاو حیساباتی لەسەرە، بەڵام ئێمە وەک وەزارەتی کارەبا لەو ئاوە سوودمەندین کە بەردەدرێتەوە، ئێمە پێمان خۆشە ھەمووی بەکار بێنین، بەڵام دوای ماوەیەک وشک دەکات و سەرجەم پڕۆژەکانی کارەبا پەکیان دەکەوێت و لە کار دەکەون.

ـ ھۆکار چییە بڕی پێدانی کارەبا بە گوێرەی وەرزەکان گۆڕانکاریی بەسەر دادێت؟
کەمال محەمەد: ئێمە دوو وەزرمان ھەیە بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا، کە ئەوانیش مانگەکانی سێ و چوار و پێنجی ھەموو ساڵێک دەگرێتەوە، ھاوکات لە مانگەکانی نۆ و دە و یازدەش بە ھەمان شێوە وەرزی دووەمی چاککردنەوەی وێستگەکان دەست پێ دەکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئەم ساڵ وەرزی زستان ھاتە ناو وەرزی بەھار، چەندین یەکە بەھۆی شایستەی داراییەوە نەتوانرابوو چاک بکرێنەوە، کە مافی ئەوەیان ھەبوو شایستەی داراییان بۆ دابین بکرێت، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆکی حکومەت لە بابەتەکە ئاگادار کرایەوە، ئەوە بوو ٧٥ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای ماس دابین کرا، بۆ ئەوەی ھەموو یەکەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک چاک بکرێنەوە. بە سوپاسەوە ئەگەر پشتیوانی سەرۆکی حکومەت نەبووایە دۆخی کارەبا بەرەو خراپی چووبوو، ئەوە بوو دوای دابینکردنی پارەکە دەست کرا بە چاککردنەوەی یەکەکان لە مانگی چوار واتە مانگێک دواکەوت، ھاوکات لە ئێستاشدا ھەندێکی تر لە یەکەکان سەرقاڵی چاککردنەوەن، بە خۆشحاڵییەوە لە مانگی چوار توانرا ماوەی ١٩ کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتیان بدرێت.
لە ئێستادا بەھۆی نەبوونی سووتەمەنی پێویست پێدانی کارەبا بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاوەستاوە، کە پێشتر ھەردوو کۆمپانیای قەیوان و کار سووتەمەنیان بۆ دابین دەکرد، ئەگەر ھەردوو کۆمپانیاکە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، ئەوا لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ مێگاوات کارەبا بەو ناوچانە دەدرێت.

ـ چۆن بوو سیستەمی ٢٤ کاتژمێری بۆ بازاڕی لەنگە دابین کرا؟
کەمال محەمەد: سیستەمی پێدانی کارەبای بازاڕی لەنگەی ھەولێر کە ١٧٠٠ پێکھاتەی بازرگانییە، بە فیدەرێکی تایبەتی ٢٤ کاتژمێرییە، بەو مەرجەی ئەوانیش پارەی کرێی کارەبا بدەن، چونکە ئەم پارەیە جارێکی تر دەکەوێتەوە خزمەتی پڕۆژە و سیستمەکە. ئێمە ئومێد دەکەین ئەم نموونەیە بۆ چەندین شوێنی تری بازرگانی بگوازینەوە، بەھۆی ئەوەی ئەو شوێنانەش گرفتی کارەبایان ھەیە.

ـ ھیچ جیاوازییەک لە نێوان شارەکان کراوە لە ڕووی پێدانی کارەبا؟
کەمال محەمەد: وەک وەزارەتی کارەبا ھیچ جیاوازییەکمان لە نێوان شارەکان نەکردووە، بەڵام شتێکی تر ھەیە کە وەرزی ساڵ حوکم دەکات، بۆ نموونە لە ھەولێر و گەرمیان کەشوھەوا زیاتر گەرمترە بە بەراورد بە شوێنەکانی تر، بۆیە لە ھاوین زیاتر پێویستیان بە کارەبا ھەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە زستان بارودۆخی ئەو دوو شوێنە باشترە، بەڵام لە دھۆک و سلێمانی لە زستان و ھاوین پێچەوانەی ھەولێر و گەرمیانە.
ئێمە ئێستا ٣٣٠٠ تا ٣٤٠٠ مێگاوات کارەبامان ھەیە، بەڵام بڕیار وایە وێستگەی دێرەلووک کە لەسەر قەرزی ژاپۆنی جێبەجێ کراوە و ٣٨ مێگاوات کارەبایە لەگەڵ ٥١ مێگاواتی تاسڵووجە و ٢٩ مێگاواتی سێ وێستگە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بکەونە کار و لە مانگی نۆش ٥٠٠ مێگاواتی تر لە بازیان دەکەوێتە کار، ھەرچەندە بە ھۆی نەبوونی غازی پێویست ناتوانین ھەر ٥٠٠ مێگاواتەکە بە کار بخەین. بەمانە ئومێدەوارین ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو ڕەوشی کارەبا باشتر بێت.

ـ ئاخۆ بڕی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا زیاتر دەبێت؟
کەمال محەمەد: وەزارەتی کارەبا پابەندی ئەو دەنگۆیانە نییە کە دەوترێت کە ئەگەر ھاووڵاتییەک بە یەک جار کۆی قەرزەکانی بداتەوە، ٤٠% لێخووشبوون دەیگرێتەوە، بەڵکو ئەوەی ھەیە تەنھا ١٥%ـیە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٧ی ئایاری ٢٠٢٢





ئەم هەواڵە 478جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad