ZNA-هەولێر لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، فەرمانبەرێک چەند کەسێک بە بارمتە دەگرێت و خۆی و سێ کەسیان دەکوژێت.
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیلام رۆژی چوارشەممە 17-05-2022 رایگەیاند؛ فەرمانبەرێکی دامەزراوەی حکومی هەژاران لە ئیلام، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایەی بە بارمتە گرتووە و لە ئەنجامدا خۆی و سێ کەس لەوانەی کوشتووە و حەوت کەسیشیان بریندارن.
فەرزاد قاسمی، جێگری کۆمەڵایەتیی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیلام بە میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانی گوت، "فەرمانبەرێکی پێشووی دامەرزاوەی حکومیی هەژاران لە ئیلام، دوای ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوە دەبێتە شەڕیان، دەچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی و بە چەکەوە دەگەڕێتەوە نێو بینای دامەزراوەی هەژاران."
ئەو بەرپرسەی پۆلیس باسی لەوەش کردووە، "بکوژەکە کە پێشتر خۆی فەرمانبەری ئەو دامەزراوە بووە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی دامەزراوەکە بە بارمتە دەگرێت و لە ئەنجامدا بە دەستڕێژی گولـلە، سێ کەس لەو بەبارمتەگیراوانە دەکوژێت و حەوت کەسیش بریندار دەکات."
بە گوتەی فەرزاد قاسمی، بکوژەکە لە ئەنجامدا بە گولـلە خۆی دەکوژێت و بریندارانیش کە هەندێکیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، گەیێندراونەتەوە نەخۆشخانەی ئیلام.
ئەم هەواڵە 220جار خوێندراوەتەوە |