ZNA_ هەولێر
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سێ ئێرانی و بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە کە تەقینەوەکەی چوارشەممەی رابردوو لە ناوچەی پارچین لە نزیک تاران بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە بووە.
بە گوێرەی سەرچاوە ئێرانییەکان کە رێگەیان پێنەدرابوو بە ئاشکرا قسە بکەن، ئەو هێرشە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە لە کۆمەڵگەی سەربازیی پارچین لە نزیک تارانی پایتەخت ئەنجام دراوە.
سەرچاوەکان بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە باڵەخانەی لێکۆڵینەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران تەقیونەتەوە و بەهۆیەوە ئەندازیارێکی گەنج کە لەو ناوەندە کار دەکات و ئەندازیارێکی دیکەش بریندار بوون.
نیویۆرک تایمز هێرشەکەی بە هاوشێوەی هێرشەکانی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لوبنان وەسف کردووە.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن، بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێرشیان کردووەتە سەر پارچین. بەڵام بە نیویۆرک تایمزی نەگوتووە کێ لە پشت هێرشەکەوەیە و وردەکاری زیاتریشی نەخستووەتە روو.
ئەم هەواڵە 472جار خوێندراوەتەوە |