ZNA - ههولێر
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ئەمەریکا سەرەتا چوار سیستمی موشەکی تۆپهاوێژی جوڵەپێکراو بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت تاوەکو تواناکانی وڵاتەکە لە جەنگەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا زیاتر بکات، ئاماژەشی بەوەدا چەکەکە پێویستی بەوەیە بۆ ماوەی سێ هەفتە مەشقی لەسەر بکرێت.
ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کۆڵن کاڵ وتی، ئەمەریکا دڵنیایی لە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتەکەیەوە وەرگرتووە لەسەر ئەوەی ئەو سیستمە نوێیانە بۆ هێرش کردنەسەر خاکی ڕووسیا بەکارناهێندرێن.
بەڵام داکۆکی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد و وەڵامی هۆشدارییەکانی ڕووسیای دایەوە دژی ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە چەکە وردانە بۆ ئۆکرانیا، وتی مۆسکۆ ڤیتۆی نییە لەسەر یارمەتییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کە مەبەست لێیان ئەوەیە ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە خاکەکەی خۆی بکات.
voa
ئەم هەواڵە 409جار خوێندراوەتەوە |