ZNA_ هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق رێژەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتی لە عێراق زیاد دەکات.
عاسم جیھاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت لە نزیکەوە چاودێری بەرەوپێشچوونەکان لە بازاڕی نەوتدا دەکەن و ھەڵدەستن بە پێداچوونەوەی راپۆرتەکان لەوبارەیەوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی بازارێکی نەوتی سەقامگیر.
ئەو گوتیشی، زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت لە پاش رێککەوتننامەکەی ئۆپێک پڵەس بە بڕی ٧١ ھەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە رۆژێکدا و کۆی بەرھەمی نەوتی عێراق لە مانگی تەموزدا بۆ چوار ملیۆن و ٥٨٠ ھەزار بەرمیل زیاد دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوتی ئۆپێک لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، بە نیازن بەرھەمھێنانی نەوت لە ھاوینی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە، ئەمەش بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوت کە بەھۆی جەنگی ئۆکرانیا و روسیاوە بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی بە خۆیەوە بینیووە.
ئەم هەواڵە 550جار خوێندراوەتەوە |