ZNA - ههولێر
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق ئاشكرای كرد، شەش داواکراو لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکراون، ئەندامى دوو باندى جیاواز بوون، سیانیان بەگوێرەى یاساى بنبڕکردنى تیرۆر داواکرابوون و سیانەکەى دیکەش بە دزیکردن تۆمەتبارن.
رۆژی 7ى حوزەیرانى 2022 شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى باندێکى سێ کەسی لە پارێزگاى سلێمانی راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا دەستگیرکردنیان بە هاوئاهەنگیى نێوان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى هەواڵگریى عێراق و بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى سلێمانى بووە. ئەو سێ کەسە بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى چوارى یاسای بنبڕکردنى تیرۆر داواکراو بوون.
بڕگەى یەکى مادەى چوارى یاسایى بنبڕکردنى تیرۆر، تایبەتە بە تاوانى تیرۆریستى یان هاوبەشیکردن و هاندانى ئەو جۆرە کردەوانە و سزاکەشى لەسێدارەدانە.
لە راگەیێندراوێکى دیکەدا، کە هەر ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق ئاشکرایکردووە بە هاوئاهەنگى نێوان بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هەواڵگریى عێراق و ئاسایشى سلێمانى، باندێکى سێ کەسی لە شاری سلێمانی دەستگیرکراون، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانى چەندین کارى دزیکردن لە هاووڵاتیان لە چەند ناوچەیەکى بەغدا.
ئەم هەواڵە 241جار خوێندراوەتەوە |