ZNA-هەولێر
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، ئافرەتێکی ئەمریکی توندڕەو کە تۆمەتبارە بە سەرکردایەتیکردنی کەتیبەیەک لە ئافرەتانی رێکخراوی تیرۆریستیی "داعش" و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی کردەوە لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دانی نا بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستیی.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم ئافرەتە ناوی (ئەڵیسۆن فڵۆک ئیکرین)ە کە ناسراوە بە (ئوم موحەممەد ئەمریکی)، تەمەنی 42 ساڵە، دانی بەوە ناوە کە لە رووی سەربازییەوە مەشق و راهێنانی بە زیاتر لە 100 ئافرەت و کچ کردووە کە تەمەنی هەندێکیان لەنێوان 10 - 11 ساڵ دەبوو و فێریانی دەکرد لەسەر بەکارهێنانی تفەنگی هێرشبەر و پشتوێنی بۆمبڕێژکراو.
ئەم ئافرەتە کە پێشتر مامۆستا بووە و بووە بە توندڕەو، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لە سووریا گوازرایەوە ئەمریکا و دوێنێ سێشەممە لە بەردەم دادوەرێکی ئەمریکی دانی بە تاوانەکەی نا و سزای 20 ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەم هەواڵە 226جار خوێندراوەتەوە |