ZNA - هه‌ولێر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، كاردانه‌وه‌ی لە بەرامبەر "راپۆرتی تورکیا" نیشانی‌دا كه له‌لایه‌ن پەرلەمانی ئەورووپاوه ئاماده‌كراوه و رایگەیاند: "ئه‌وه قبوڵ ناکەین و رەتی دەکەینەوە كه پەرلەمانی ئەورووپا له‌رێگه‌ی بۆچوونێكی رووكه‌شانه و بێدیدگاوه ئەم پێویستییەی پشتگوێ خستووە و له راپۆرته‌كه‌یدا هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕ له حوكمی پێشوه‌خت و ناواقیعییانەی كردووه".
لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایه‌ن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی ٢٠٢١ی پەرلەمانی ئەورووپا سەبارەت بە تورکیا کراوە.
ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە راپۆرتەکەی پەرلەمانی ئەورووپا کە وەکو راسپاردە وایە لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەورووپادا پەسەند کراوە، و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاندووه: "لە کاتێکدا پێویستیی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەمان و یەکێتی ئەورووپا لەڕێگەی ھەوڵی ھاوبەشەوە ئاشكرایه، ئه‌وه قبوڵ ناکەین و رەتی دەکەینەوە كه پەرلەمانی ئەورووپا له‌رێگه‌ی بۆچوونێكی رووكه‌شانه و بێدیدگاوه ئەم پێویستییەی پشتگوێ خستووە و له راپۆرته‌كه‌یدا هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕ له حوكمی پێشوه‌خت و ناواقیعییانەی كردووه".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، چاوەڕوانی هه‌ره له‌پێشینه‌ی تورکیا لە پەرلەمانی ئەورووپا ئەوەیە کە، نەبێتە ئامڕازی باس و خواسی ناوه‌نده تهسكبینهكان و لەپێناو زیندووکردنەوەی پێواژووی دانوستانەکانی بەشداریکردندا ھەڵوێستێکی ھاندەرانەی هه‌بێت بۆ دامەزراوەکانی یەکێتی ئەورووپا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە له‌به‌رامبه‌ردا پەرلەمانی ئەورووپا تاوه‌کو ئەمڕۆ ھەڵوێستێکی بە تەواوەتی پێچەوانەی ئه‌مه‌ی گرتووەتەبەر.
لە راگەیەندراوەکەدا هه‌روه‌ها هاتووه:
"ئەم ھەڵوێستەی پەرلەمانی ئەورووپا، کە لێبوردەیی لەبەرامبەر ھێلانەکردنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی لە نێو پەرلەمانهكه و تەنانەت بانگەشەکردن بۆ تیرۆر نیشانداوه، لە راستیدا جێگەی سەرسوڕمانیش نییە. بەو شوێوەیەش پەرلەمانی ئەورووپا لە چاوی رای گشتیی تورکیادا، قایلكاریی و متمانهپێكراویی لەدەستداوە. هه‌ر بۆیه، بانگەشەكان دەربارەی دیموکراسی، سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەمان، و بابەتەکانی په‌یوه‌ست به ئیجە و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و قوبرس، کە رەنگدانەوەی بۆچوونی بێبنه‌مای یه‌ك دوو ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌ورووپایه كه له هه‌وڵی ده‌سته‌به‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی تهسكبینانهدان، بۆ ئێمە ھیچ به‌هایه‌كی نییە".
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە، سه‌رجه‌م دامەزراوەکانی یەکێتییه‌كه به‌رپرسیارێتییه‌كانیان له بەرامبەر بە تورکیادا جێبەجێ بکەن، لەو چوارچێوەیەدا پێواژووی بەشداریکردن زیندووبکەنەوە، دیالۆگی ئازادیی ڤیزە خێرا بکەن، دانوستانەکانی نوێكردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی گومرکی دەستپێبکەنەوە، ھەماھەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیادبکەن و لە چوارچێوەی ھەماھەنگی له‌باره‌ی کۆچ، بە تایبەتی پلانی خۆبەخشانەی وەرگرتنەوەی مرۆیی جێبەجێ بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئه‌وه‌ش ھاتووە: "له‌جیاتی ھاندانی ئەو ھەنگاوانەی کە لەم بابەتانەدا ده‌هاوێژرێن، ئەم راپۆرتە کە تورکیا لە روانگەیەکی رووكه‌شه‌وه ھەڵدەسەنگێنێت، نموونەیەکی نوێی ھەڵوێستی دابڕاو و ئایدیۆلۆجی و لایەنگرانهی پەرلەمانی ئەورووپا پێکدەھێنێت و تەنیا زیان بە پێگه‌ی پەرلەمانی ئەورووپا دەگەیەنێت".
ئەم هەواڵە 271جار خوێندراوەتەوە |