ZNA_ هەولێر
وەزیری دارایی و ئابوری بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوە و زیاترکردنی داهات بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاوڵاتیانی ھەرێم و بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢) بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجی ھەرێم، سەبارەت بە ھۆکارەکانی سستی لە کۆکردنەوەی داھات و پێنەدانی باج و ڕسومات لەلایەن کۆمپانیاکان و بازرگانان و شوێنە گەشتیاری و ھۆتێلەکان و سەرجەم ئەو سێکتەرانەی کە پێی یاسا و ڕێنماییەکان سیستمی باج و ڕسومات دەیانگرێتەوە، بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکانی سلێمانی کۆبوەوە.
لایخۆشیەوە بەڕێز وەزیری دارایی ڕایگەیاند: لەبەرمەبنای داتاکانی بەردەست بەراورد بە سەرچاوەکانی داھات لە شاری سلێمانی ڕێژەی داھاتی کۆکراوە لە ئاستی پێویستدا نیە و ئەوەش ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران و پرۆژەکان دەبێت.
ھاوکات وەزیری دارایی و ئابوری، جەختیشیکردەوە: ھەموو ھەوڵەکانیان لەو چوارچێوەدایە کە جۆری خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەت بە ھاوڵاتیانی ھەرێم بە گشتی و دانیشتوانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ئاستێکی بەرزدا بێت.
لایخۆشیانەوە سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان خستەڕوو، لەبەرامبەریشدا بەڕێز وەزیری دارایی بڕیاری پێویستی لەوبارەوە دەرکرد و بەڵێنی دا بەھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی باج و داھات چارەسەربکات.
ئەم هەواڵە 421جار خوێندراوەتەوە |