English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چین لە پێناو تایوان دەجەنگێت، ئامادەن جەنگ ھەڵبگیرسێنن
2022-06-11 [08:50 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزیری بەرگریی چین، ڤێی ڤێنگهی رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە لە دژی جوداخوزان بەرگریی لە تایوان بکات و بۆ ئەمەش ئامادەن جەنگ ھەڵبگیرسێنن.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین، ڤو چیان بڵاوکراوەتەوە، وەزیری بەرگریی چین، ڤێی ڤینگھی لەمیانی گفتوگۆیەکەی لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی، ڵۆید ئۆستن پەیامی ئەوەی داوە کە "بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵەکانی سەربەخۆیی تایوان سەرکوت دەکەن و ئەگەر پێویست بێت لەم پێناوەدا دەجەنگن".

ڤێی ڤینگھی لە کۆربەندی دیالۆگی Shangri-La کە ئەمڕۆ لە سینگاپور دەستی پێکرد، لەگەڵ ئۆستن کۆبووەوە.

وەزیری بەرگریی چین لە کۆبوونەوەکەیدا جەختی لە ھەڵوێست و ھەستیاری وڵاتەکەی لەسەر پرسی تایوان کردووەتەوە و راشیگەیاندووە کە ئەوان پێداگرن لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی لە دژی ئەوانەی کە بوێری ئەوە نیشاندەدەن تایوان لە نیشتمانی دایک جیابکەنەوە.

بەھۆی سەرھەڵدانی جەنگی ناوخۆ لە چین لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە، پارتی کۆمۆنیستی چین بە سەرکردایەتی ماوو زیدۆنگ لە ساڵی ١٩٤٩ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و کۆماری گەلی چینی راگەیاند، لە بەرامبەردا ئەندامانی پارتی نەتەوەیی چین بە سەرکردایەتی چان کایشێک لە تایوان جێگیربوون و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دەسەڵاتی "کۆماری چین" کە لە ساڵی ١٩١٢وە دامەزاربوو، لە دوورگەکەدا بەردەوامە و سەربەخۆیان راگەیاندبوو.

ھەرچەندە ئەم ھەوڵە لەلایەن چینەوە قبوڵ نەکرا، بەڵام نوێنەرانی تایوان تا ساڵی ١٩٧١ نوێنەرایەتی چینیان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرد. بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٠ ژمارەیەکی زۆری وڵاتان پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیان لە کۆماری چینەوە ئاراستەی کۆماری گەلی چین کرد لە ساڵی ١٩٧١ لە دەنگدانێکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، بڕیاردرا کە حکوومەتی پەکین بە تاکە نوێنەری شەرعی چین بناسرێت و پێگەی تایوانیش لە سەکۆی نێودەوڵەتییدا بە پێناسەنەکراوی مایەوە.

 

AA





ئەم هەواڵە 328جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad