English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆ پشتیوانی ئۆكرانیا، سه‌رۆكانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا گەیشتنە كیێڤ
2022-06-16 [11:44 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

لەپێناو دەرخستنی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا لە شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی دەستیان بە سەردانە هاوبەشەکەیان بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کرد.

بەیانی زووی ڕۆژی پێنجشەممە ماکرۆن، شۆڵز و دراگی پێکەوە گەیشتنە ئۆکرانیا و گەشتەکەشیان لەڕێی شەمەندەفەرێکەوە بوو کە بۆ گواستنەوەی میوانە گرنگەکانی ئۆکرانیا بەکاردەهێندرێت.

کاتێک گەیشتنە ئۆکرانیا، ماکرۆن وتی " ئەمە ساتێکی زۆر گرنگە. ئەمە پەیامێکی یەکگرتووییە دەینێرین بۆ ئۆکرانییەکان، پەیامی پشتیوانی، پەیامی گفتوگۆکردن لەسەر ئێستا و داهاتوو، چونکە وەکو هەموومان دەزانین هەفتەکانی داهاتوو زۆر سەخت دەبن."

ماکرۆن کە لە دەرەوە و ناوەوەی فەڕەنسا ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر ئەوەی زووتر سەردانی ئۆکرانیای نەکردووە، چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە کە تەنها لە کاتێکدا دەچێت بۆ ئۆکرانیا کە سەردانەکەی " سوودی " هەبێت و تەنها دەرخستنێکی هێمایی پشتیوانی نەبێت.

سەرۆکی ڕۆمانیا کلۆس لۆهانیسیش بەشداری کۆبوونەوەکەیان دەکات لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا.

سەردانەکە چەند هەفتەیەکی ویستووە تاوەکو ڕێکبخرێت، سێ ڕابەرەکەی ئەوروپاش هەوڵی ئەوە دەدەن لە ناو ئۆکرانیادا بەسەر ئەو ڕەخنانەدا زاڵ ببن کە سەبارەت بە چۆنێتی وەڵامدانەوەیان بۆ جەنگەکە لێیان گیراوە.

ماکرۆن وتی " ئێمە لێرەین، لەگەڵ سەرۆک زێلێنسکیدا دەچین بۆ شوێنێکی جەنگەکە کە کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجامدراوە."

دواتر سێ ڕابەرەکە بەرەو شارۆچکەی ئیرپین بەڕێکەوتن، ئەوەش وەکو پشتیوانییەک بۆ ئۆکرانیا و حکومەتی ئۆکرانیاش دەڵێت هیوادارە ئەم سەردانە کرداریشی بەدوادا بێت.

ئیرپین کە پێشتر 62,000 دانیشتووی هەبووە، یەکێک بوو لە ناوچە سەرەکییەکانی شەڕەکە، دواتر هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی باکووری ئۆکرانیا کشانەوە و سەنگی هێرشەکانیان خستەسەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ماکرۆن و شۆڵز و دراگی و سەرۆکی ڕۆمانیا کلۆس لۆهانیس سەردانی بینا خاپوور کراو و سوتێندراوەکانی ئیرپینیان کرد و گوێ بیستی بەرپرسانی ئۆکرانیا بوون کاتێک باسیان لەوە دەکرد چی لەو شوێنەدا ڕوویداوە.

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا بەشێوەیەکی بەرفراوان کاری دڕندانەی لە ئیرپین ئەنجامداوە، ڕووسیاش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

ڕابەرەکان چواردەورییان بە سەربازەکان گیرابوو.

لەسەر دیوارێک نوسرابوو " ئەوروپا دروست بکەن نەک جەنگ. " ماکرۆن وتی " ئەمە پەیامە ڕاستەکەیە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کە بڕیارە دواتر کۆببێتەوە لەگەڵیاندا، لە ئیرپین لەگەڵیان نەبوو.

کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی بۆچی ئەم سەردانە لە ئێستادا ئەنجام دەدرێت، بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی بڕیارییانداوە باشترین کات بۆ سەردانەکە پێش کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی یەکێتی ئەوروپا بێت، کە وابڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە داواکەی ئۆکرانیا بکرێت بۆ چوونە پاڵ یەکێتییەکە.





ئەم هەواڵە 382جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad