ZNA-ھەولێر
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، ھاوردەکردنی نەوتی عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا بژاردەیەکی باشە لە بەردەستیان.
رۆژی یەکشەممە، ڤیلا فاریۆلا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی رایگەیاند، "ھەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا ھەڵبژاردەیەکی باشە لەبەردەستماندا."
فاریۆلا گوتیشی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە بازاری نەوتدا روودەدەن پەیوەندی بە و خواست و خستنەبازاڕەوە ھەیە و جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەو بابەتە ھەبووە.
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەشلێت، "بۆیە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە شوێن جێگرەوەیەکی نوێدا دەگەڕێن تا نەوتی لێوە ھاوردەبکەن، بۆ ئەو مەبەستەش نەوتی عێراق بژاردەیەکی نوێ و باشە بۆ ئێمە."
ئەو روونیشی کردەوە، لەبارەی ئەگەری ھەناردەکردنی نەوتی عێراقەوە بۆ بازاڕی ئەوروپا قسە لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسادا دەکات.
عەلا یاسری بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ، جەختی کردەوە، عێراق بەتەواوی پابەندی بڕیارەکانی ئۆپێکە و لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکەیان خواستی زیاتری لەسەر فرۆشتنی نەوتە بە کۆمپانیا حکومییەکانی چین و ھیندستان، بەھۆی ئەوەی کۆمپانیاکەیان گرێبەستێکی دوورودرێژیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا ھەیە و نایانەوێت کڕیارەکانیان لەدەستبدەن.
ئەمە لەکاتیکدایە، دوای ھەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ھاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و دارایی و بازرگانی قورسیان خستە سەر روسیا، لەدوا سزاشیاندا ھاوردەکردنی وزەی روسییابوو کە "نەوت و غازی سروشتی" بۆ ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا قەدەغەکرد، لەکاتێکدا روسیا ٤١٪ سوتەمەنی ئەوروپا دابیندەکات.
ئەم هەواڵە 274جار خوێندراوەتەوە |