English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
محەممەد ئەربیلی کۆچی دواییکرد
2022-06-20 [09:46 AM]

ZNA – هەولێر


 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هونەرمەندی ناسراو، محەممەد ئەربیلی، لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد.
 
ئەو هونەرمەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی بە تەمەندا چوونی، چەند جارێک باری ترندروستیی تێکچووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.
 
محەممەد ئەربیلی، بە یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەک دەناسرێت و بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانی گۆرانی دەڵێت، "لێرەمە لە هەولێرێ" و "کیژەکەی کا فرۆش" لە بەرهەمە هەرە بەناوبانگەکانیەتی.
 
محەممەد ئەحمەد ئەربیل ناوی تەواوی محەممەد ئەحمەد شێخ فەتحییە، لە 1 تەممووزی 1933 لە گەڕەکی سەعدوناوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە، باوکی ئەحمەد شێخ فەتحی لە ساڵی 1898 لە گوندی باوەکراوەی ناوچەی باڵەکایەتی روودەکاتە ھەولێر و نیشتەجێ دەبێت تاوەکو لە 1972 کۆچی دوایی دەکات، لە ساڵی 1944 دەچێتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی "ئەربیل ئولا" تاوەکوو ساڵی 1949 لەخوێندن بەردەوام دەبێت، دواتر بەھۆی خراپی بژێوی ژیانیان ناچاردەبێت دەست لەخوێندن ھەڵبگرێت.
 
بەھۆی دەنگ خۆشییەوە دەبێتە جێگای سەرنجی بەرێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەی، لە تەمەنی منداڵییەوە بەشداری لە چالاکییە میوزیکییەکانی قوتابخانە دەکات کە رۆژانە لە دەستپێکی خوێندن بەسروودە نیشتمانییەکانی ھونەرمەند دەستیپێدەکرد، ھەریەک لە سروودە نیشتمانیە بەناوبانگەکانی 'نەورۆز' و 'ئەی دلێران' و 'لاوانی کورد' لە لایەن ئەربیلییەوە لە تەمەنی منداڵیدا لە قوتابخانە ئاوازی بۆ دانراوە.
 
لە 1956 کاتێک مەلیک فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق سەردانی هەولێر دەکات، لە دیوەخانی مەلا فەندی چەندین مەقام و گۆرانی فۆلکلۆر پێشکەش دەکات.
 
محەممەد ئەربیلی لەلایەن موزیکژەن مەجید فەتاح گرنگی زیاتری پێدەدرێت و عیزەددین فەیزی دەبێتە ھاندەری راستەوخۆی تاوەکو بەڕێچکەی ھونەردا بڕوات، بۆیە زۆرینەی گۆرانی و بەستە کوردی و تورکمانییەکانی ئەوکاتی ھەولێری ئەزبەرکردووە و لە کۆڕ و بۆنەکاندا پێشکەشیکردووە.
 
لە1953 لەبەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر وەک شوفێر دادەمەزرێت، بەدەم کارەکەیەوە گۆرانی "یەڵا شوفێر" دادەنێت و دواتر لە 1959 لە رادیۆی بەغدا تۆماری دەکات.
 
محەممەد ئەربیلی دوای دەنگدانەوەی گۆرانی "یەڵا شوفێر" بەناوبانگ دەبێت و گۆرانییەکەی لەلایان چەندین ھونەرمەندی ئەوکات دەگوترێتەوە و پەرەی زیاتر بەخۆی دەدات و کات تەرخان دەکات بۆ نووسینی ھۆنراوە و داناننی ئاواز و مەقام و بەستە تۆمار دەکات بە زمانەکانی کوردی و تورکمانی، ھەروەھا لەگەڵ ھونەرمەندان عەبدولواحید گۆزەچی، نەجات توتنچی و یونس توتنچی ئاھەنگی گێڕاوە و چەندین ئاوازی بۆ داناون ھەر بەھۆی محەممەد ئەربیلی جەباری براشی دێتە نێو کاری هونەرییەوە.
 
ھونەرمەند لە مەقامەکانی نەھاوەند و سەبا و کورد و بەیات توانایەکی زۆری هەیە، بۆیە لە زۆربەی ئاھەنگ و بۆنەکاندا بانگھێشت کراوە، بەتایبەت دوای راپەرینی بەھاری 1991 زیاتر دەرگەی ز بەڕوودا دەکرێتەوە، جگە لە کوردستان، لە تورکیاش ئاهەنگی گێڕاوە.




ئەم هەواڵە 241جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad