|
ZNA : هەولێر ئەگەر شانت ئازاری هەیە و ئازارەکەش شەوان زیاتر دەکات کە لە سەری دەنووی، یان کاتێک بە ئاراستە جیاجیاکاندا شان دەجووڵێنیت، ئەوە پێناچێت ئازارەکەت لە فەقەراتی ملەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو بە ئەگەری زۆر گرفتی ژێ و بەستەرەکانی دەوروبەری جومگەی شانە. سەرچاوەی ئازارەکەش بەزۆری هەوکردنی ئەو ژێ و بەستەرانەیە کە بەشە جیاکانی جومگەکە پێکەوە دەبەستن، یان ئەو ماسولکانەی بە دەوریدان. هەوکردنی بەستەرەکەی شان و سەوەفانی ئێسکەکانی پێکهێنەری جومگەکە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا کلس دەکەن، ئەم کلسە زیاتر ناو جومگەکە تەسکدەکاتەوە و زیاتر ژێ و شانە نەرمەکان بریندار دەکات. هەندێکجار داخوران و هەوکردنی ئەم ژێ و بەستەرانە بە دڕان یان پچڕانیان کۆتایی دێت و گرفتەکە ئاڵۆزتر دەکات. مەرج نییە ئەم هەوکردن و دڕان و پچڕانە تەنها بەهۆی زەبرەوە بێت، بەڵکو زۆرکات هۆکارێکی ئەوتۆ شک نابەیت و وا دیارە بە تێپەڕینی کات شانەکان تووشی ستۆک بوون و داخوران و سووربوونەوە هاتوون، وەکو لە خانمان بە ئیش و کاری زۆری ناوماڵ یان پیاوان بە هۆی جۆری پیشەکەیان، بە گشتی ئەو جووڵانەی دەست و قۆڵ بەرزتر دەکەنەوە لە ئاستی شان (وەکوو خانمێک کە پەنجەرە و شوێنە بەرزەکانی ماڵەوە دەسڕێت یا وەستایەک کە کاری جپسم بۆرد دەکات و هەر پیشەیەک ئەم جووڵەیەی شان و قۆڵی زۆر تێدا بێت). دەستنیشانکردن لەلایەن پزیشکی ئیسک و جومگەوە دەبێت و چارەسەریش ئەو دیاری دەکات بە چارەسەری فیزیایی و دەرمان. ئێمەی پزیشکی پسپۆڕ وەکوو ئەزموونی خۆمان سەرنجمان داوە ئەوانەی دەرزی دژە هەوکردن دەکەین بۆ شوێنی هەوکردنی بەستەرەکەیان، سوودێکی بەرچاو دەبینن و بەزوویی دەست بە چاکبوون دەکەن.
ئەم هەواڵە 943جار خوێندراوەتەوە |