ZNA - ههولێر لە کاتێکدا گوشارەکان بەخێرایی زیادیان کردووە بۆسەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن ژمارەی ئەوانەی پۆستیان هەبووە لە کابینەکەی و دەستیان لەکار کێشاوەتەوە گەیشتووەتە ٥٤ کەس.
وەزیران و پەرلەمانتارانی بەریتانیا کە کاردانەوەیان نیشان داوە بەرامبەر بۆریس جۆنسۆن داوای لێ دەکەن دەست لەکار بکێشێتەوە، تا دێت زیاتر دەست لەکار دەکێشنەوە.
وەزیری حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئێرلەندانی باکوور، براندۆن لویس بە ئاماژەدان بەوەی کە حکوومەتێکی باش و خۆ بە بەرپرسیارزان لەسەر بنەمای "سەرڕاستی، گشتگیری و رێزگرتن" بونیاد دەندرێت، رایگەیاند کە بڕیاری داوە دەست لەکار بکێشێتەوە.
بەرلە لویس دوو رۆژ پێشتر میشێل دۆنەلان کە وەزارەتی پەروەردەی پێ سپێردرابوو، دەستی لەکار کێشایەوە.
نەدیم زەهاوی کە لە جێگای ریشی سوناک بووەتە وەزیری دارایی بەریتانیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر داوا لە جۆنسۆن دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە و نووسیوویەتی "ئەم دۆخە ئاوا ناچێت بەڕێوە و خراپتر دەبێت. باشترین کار بۆ ئێوە، پارتی پارێزگاران (جۆنسۆن سەرۆکایەتی دەکات) و لە هەموویش گرنگتر بۆ وڵات، ئەوەیە کارە دروستەکە بکەن و یەکسەر بڕۆن (و دەستلەکار بکێشنەوە)".
وەزیری تەندروستی، ساجید جاوید و وەزیری دارایی، ریشی سوناک لە پێنجی تەمووز بە دوای یەکدا دەستیان لەکار کێشایەوە.
ئەم هەواڵە 205جار خوێندراوەتەوە |