ZNA – هەولێر
نادیم زەهاوی، بەڕەگەز كورد و وەزیری دارایی بەریتانیا، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بەربژێر کرد، لە بەریتانیا سەرۆکی پارتی خاوەن زۆرینە دەبێتە سەرۆکوەزیران.
نادیم زەهاوی کە بە ڕەگەز کوردی باشووری کوردستانە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پارتیی پارێزگاران بەربژێرکردووە، رۆژی 7-7-2022، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە گوتارێكیدا لەبەردەم نووسینگەکەی لە شەقامی داونینگ، رێگەی بە پارتەکەیدا کەسێكی دیکە بۆ سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگاران هەڵبژێرێت و شوێنی ئەویش وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بگرێتەوە، گوتیشی تاوەکو ئەو دەمەی پارتەکەی جێگرەوەکەی هەڵدەبژێرێت، ئەو لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە .
زەهاوی لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە پلانە سیاسی و ئیدارییەکەی لە ئەگەری بوونە سەرۆکوەزیران گوتی، "کار دەکەم بۆ کەمکردنەوەی باج و زیاترکردنی خەرجییە سەربازییەکان"، دەشڵێت، درێژە بەو چاکسازییە دەدەم کە لە سەردەمی بوونی بە وەزیری پەروەردە دەستی پێکردبوو.
لەبارەی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، زەهاوی رایگەیاند، "سوپاس بۆ برێگزیت، ئێمە ئێستا نەتەوەیەکی ئازادین، با چیدیکە قسە لەسەر دەرفەتەکان نەکەین بەڵکو بیانقۆزینەوە."
ئەم هەواڵە 322جار خوێندراوەتەوە |