ZNA - ههولێر
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشاندا کە لەچوارچێوەی یاسای خزمەتی سەربازییدا، دووبارە کار بە سیستەمی جێگرەوە بکرێت.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە ھەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رەزامەندی لەسەر پێشنیازی ئەو لیژنەیە نیشانداوە کە لە سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا و سکرتێری سەربازی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، فەریقی یەکەم روکن محەمەد حەمید بەیاتی و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەسکەندەر وتووت پێکھاتووە و تایبەتە بە دووبارە کارکردن بە سیستەمی جێگرەوە لە یاسای خزمەت سەربازیی.
لیوا یەحیا رەسوڵ روونیشی کردووەتەوە کە پێشنیازەکە لە قۆناغی یەکەمدا، ھەردوو فیرقەی پێنج و ٢٠ی سوپای عێراق و لیواکانیان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر کارکردن بە سیستەمی جێگرەوەی سەربازییدا، ھەروەھا ھەوڵدەدرێت سیستەمەکە، سەرجەم ھێزە سەربازییەکانی دیکەیش بگرێتەوە.
سیستەمی جێگرەوە کە لە چوارچێوەی یاسای خزمەتی سەربازییدا، دانراوە تیادا ئاماژە بەوەکراوە، ھەر سەربازێک لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا بۆ کاری پێویست دەتوانێت دوای مۆڵەت بکات، بەڵام بەو مەرجەی سەربازێکی دیکە شوێنی بگرێتەوە.
ئەم هەواڵە 247جار خوێندراوەتەوە |