ZNA – هەولێر
رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى رایگه‌یاند، بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى ئاوڵه‌ى مه‌یموون به‌رده‌وامه و ژماره‌ى حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا نزیكبووه‌ته‌وه له ١٠ هه‌زار کەس.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس له‌میانى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له ناوه‌ندی رێكخراوه‌كه له جنێڤ هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ دوا دۆخى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى ئاوڵه‌ى مه‌یموون كرد.
گێبرێیسس له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى راگه‌یاندنى بارى له‌ناكاو به‌هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه گوتى: "كۆمیته‌ى دۆخى له‌ناكاو هه‌فته‌ى داهاتوو به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردن له‌سه‌ر پرسى بڵاوبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى ڤایرۆسى ئاوڵه‌ى مه‌یموون و رێژه‌ى كاریگه‌رى رێگاكانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه كۆده‌بێته‌وه، له‌باره‌ى چۆنییه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و په‌تایه پێشنیاز به وڵاتان ده‌درێت".
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی له‌باره‌ى دروستكردنى ڤاكسینى ئاوڵه‌ى مه‌یموون و دابه‌شكردنى ڤاكسینهكهوە رایگه‌یاند، رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى په‌یوه‌ندیدار له دانوستاندایه و گوتى: "ئێمه وه‌ك رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ى وردتر له‌باره‌ى ڤایرۆسه‌كه، له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێكى جیاواز و شاره‌زایان له گفتوگۆداین".
رێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى له ٧ى تهمووز رایگه‌یاندبوو كه تا ئێستا سێ كه‌س به‌هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئەم هەواڵە 151جار خوێندراوەتەوە |