ZNA - ههولێر
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر سێ رێنوێنیی لەبارەی نوێژی ھەینی یەکگرتووە بۆ لایهنگرانی دهركرد، رایگەیاند "ناچمە نێو فیتنەیەکی دیکەوە و بژاردەکە بۆ گەلە کە پێشتریش پشتیوانیم کردووە، ئەگەر پێویست بێت لە رۆژانی داھاتوودا ھەڵوەستەمان دەبێت بۆ پشتیوانییکردن لە چاکسازیی".
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سێ رێنوێنیی لەبارەی نوێژی ھەینی یەکگرتووە کە چاوەڕان دەکرێت رۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ ئەنجام بدرێت بۆ لایەنگرانی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی "نوێژی ھەینی یەکگرتوو، پەرستشێکە تەنھا بۆ خودایە، پابەندبن بە فەرمان و شێوازەکەی، ھەوڵدەدەم لەگەڵتان نوێژ بکەم، ئەگەرنا نوێنەری خۆم دەنێرم".
سەرکردەی رەوتی سەدر بۆ لایەنگرانی راشیگەیاندووە "گوێ بە دزەپێکراوەکان مەدەن، چونکە ھیچ قورساییەکیان بۆ دانانێین".
موقتەدا سەدر ھەروەھا نووسیوویەتی "دەنگی ھەینی لە سەرووی ھەموو ناڕەزایەتییەکانی دیکەوەیە و ناچمە نێو فیتنەیەکی دیکە و بژاردەکە بۆ گەلە کە پێشتریش پشتیوانیم کردووە، ئەگەر پێویست بێت لە رۆژانی داھاتوودا ھەڵوەستەمان دەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازیی".
چاوەڕان دەکرێت سبەی ھەینی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ لەسەر داوای موقتەدا سەدر، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر، نوێژی ھەینی یەکگرتوو لە ناوچەی سەدر رۆژھەڵاتی شاری بەغدا ئەنجام بدرێت.
ئەم هەواڵە 241جار خوێندراوەتەوە |