|
هەولێر : ZNA هەنێ جار گیران لەڕێڕەوی میزدا دروست دەبێت و ناهێڵێ میز لەگورچیلە بێتە خوارەوەو لە لەش دەربچێت، لەئەنجامدا گورچیلە دەئاوسێت و ئەگەر لەكاتی خۆیدا پێی نەزانرێت ئەوا دەبێتە هۆی سست بوونی گورچیلە. هۆكار زۆرە بۆ گیرانی گورچیلە وەك گیرانی بۆری گورچیلە بەهۆی بەردو تەسك بوونەوەو شێرپەنجەو گەورەبوونی لیمفەگرێكان و گەورەبوونی پڕۆستات و گیرانی زگماكی حەوزی گورچیلە. ئەم جارە باسی گیرانی حەوزی گورچیلە دەكەین. لەكوێدا حەوزی گورچیلە تەواو دەبێت و بۆری گورچیلە دەست پێدەكات، گیران دروست دەبێت و دەبێتە هەڵئاوسان و گەورەبوونی گورچیلەكە، چونكە ئەو میزەی كە گورچیلەكە دروستی دەكات ڕێگەی نابێت بڕواتە خوار لە گورچیلەو ئاوسان دروست دەكات. هۆكارەكان كامانەن ؟ 1. زگماكی، واتە هەر لە تەمەنی كۆرپەییەوە لەسكی دایك نەخۆشەكە گیرانی حەوزی هەیە. 2. نەشتەرگەری، واتە نەخۆش دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەردی گورچیلە برینداری دروست دەبێت و دەبێتە هۆی گیران. 3. كیسی ئاوی گورچیلە، هەنێ جار لەوانەیە كیسەكە نزیكی حەوزی گورچیلە بێت و فشار بخاتە سەر بۆری گورچیلەو گیران دروست بكات. 4. شێرپەنجەی بۆری گورچیلە یان دەوروبەری حەوزی گورچیلە. نیشانەكان و زیانەكانی گیرانی حەوز : نەخۆش هەست بە ئازاری گورچیلە دەكات كاتێك شلەمەنی زۆر دەخواتەوە یان تووشی هەوكردنی گورچیلە دەبێت، لەوانەیە نەخۆش تای هەبێت و لەكاتی میزكردن سووتانەوەو میزە چركەی هەبێت. ئەگەر لە كاتی خۆیدا چارەسەر نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی دروست بوونی بەردی گورچیلەو سست بوون و وەستانی گورچیلە بەتەواوی. دەست نیشان كردن: لەڕێگەی پرسیاركردن لەنەخۆش و پشكنینی سەریری و پشكنینی خوێن و میزو ئەشیعەی رەنگاو رەنگ و تەنووری و ئەشیعەی ناووكییەوە دەبێت. چارەسەر: چارەسەری گیرانی حەوزی گورچیلە لەڕێگەی نەشتەرگەریەوە دەبێت ئەگەر پێویست بەچارەسەر بكات. (د. كاوە فەقێ رەحیم – پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆ)
ئەم هەواڵە 688جار خوێندراوەتەوە |