|
ZNA - هەولێر یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی خالیدۆ کۆلیبالی، ئەستێرەی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی سەنیگال و یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
چێڵسی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەسەر ماڵپەری خۆی دەڵێت " خالیدۆ کۆلیبالی بووە دووەم یاریزان لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، گرێبەستەکەی بۆ چوار ساڵ دەبێت، بۆ یارییکردن لە ستامفۆرد بریچ."
دوای پەیوەندیکردنی بە یانە لەندەنییەکەوە کۆلیبالی گوتی " زۆر دڵخۆشم کە لێرەم لەگەڵ یانەی چێڵسی، ئەمە یانەیەکی گەورەی جیهانە، هەمیشە خەونی من بووە لە پرێمەرلیگدا یاری بکەم."
بەرگریکاری پێشووی ناپۆلی دەڵێت " ساڵی 2016 چێڵسی دەیەویست گرێبەستم لەگەڵدا بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا کە داوایانکردم قبوڵمکرد، چونکە ئەوان بەڕاستی دەیانویست بچمە پرێمەرلیگ، قسەکردن لەگەڵ ئیدوارد مێندی و جۆرجینیۆش ئاسانکاریی بۆ کردم بۆ ئەوەی ئەم یانەیە هەڵبژێرم."
گواستنەوەی خالیدۆ کۆلیبالی لەلایەن یانەی چێڵسییەوە لەکاتێکدایە، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و ئاندریاس کریستێنسن لە یانەکە رۆیشتوون.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گرێبەستی یاریزانەکە بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆیە و مووچەی یاریزانەکەش لەنێوان 8 بۆ 10 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
یانەی چێڵسی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ چووەتە لاس ڤێگاسی ئەمریکا، یاریزانەکە ئێستا لەوێیە و راستەوخۆ پەیوەندی بە کەمپی مەشقەکانی یانە لەندەنییەکەوە دەکات.
ئەمە دووەم گرێبەستی پێکهاتەی تۆماس تۆخێلە، دوای ئەوەی رەحیم ستێرلینگی لە یانەی مانچێستەر سیتییەوە گواستەوە ریزەکانی.
رووداو
ئەم هەواڵە 508جار خوێندراوەتەوە |