ZNA – هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەیانەوێت ئاگربەستی یەمەن درێژبکرێتەوە و هەروەها هیچ بۆشاییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ رووسیا یان چین جێناهێڵین تاوەکو پڕی بکەنەوە.
لە رۆژی هەینی 15-07-2022، لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، گوتی: لەگەڵ سعودیە باسیان لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ریاز کردووە و هەروەها لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە لەبارەی پاراستنی ئاسایشی وزە قسەیان کردووە.
هەروەها لەبارەی کارەبای عێراقیشەوە بایدن روونیکردەوە، "دوای چەندین ساڵ لە هەوڵی شکستخواردوو، ئێستا گەییشتووینەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی تۆڕەکانی کارەبای عێراق لەڕێگەی کوێت و سعودیەوە بە تۆڕەکانی وڵاتانی کەنداوەوە ببەستینەوە و عێراق باشتر ئاوێتەی ناوچەکە بکەین و پشتبەستنی ئەو وڵاتە بە ئێران کەمبکەینەوە.
بایدن روونیشی كردەوە: ستافەکەم ئەوەیان وەبیرهێنامەوە کە ئەو کاتەی من جێگری سەرۆک بووم، هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەم دەدا، لە کۆتاییدا ئامانجەکە بە دەستهێنرا."
ئەم هەواڵە 250جار خوێندراوەتەوە |