ZNA- هەولیر
موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدر، لە پەیامێکدا سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییەی كه دزەی پێكراوه و دهگوترێت مالیکی-یه، رایگەیاند: "لە لایەن حزبی دەعوە و گەورەکەیان كه مالیکی-یه، ھەڕەشەی کوشتنم لێکراوە".
موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا به توندی وەڵامی ئەو تۆمارە دەنگییەی كه دزەی پێكراوه و دهگوترێت مالیکی-یه، رایگهیاند: "ئیدانەکردنەکە تەنھا ئەوە ناگرێتەوە کە من بە بهکرێگیراوی ئیسرائیل یان بە کوشتنی عێراقییەکان، تۆمەتبارکراوم، لە کاتێکدا من خوێنی عێراقییەکانم پاراستووە لە نێویاندا مالیکی، لە پێکدادانێکی پێشوودا، کە ئەو کاتە ئەو فەڕمانڕەوا و باڵادەست بوو".
سهدر راشیگهیاندووه: "بەڵێ، تەنھا ئەوەیش نا، بەڵکو لەوە گرنگتر دەستدرێژیی بۆ سەر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بە ترسنۆکی و ھاندانی بۆ ئاژاوە و دووبەرەکیی، ھەروەھا ھەڵگیرساندنی شەڕی شیعە - شیعە. ئەوەش گوتراوە کە لە تۆماره دزەپێکراوەکانی داھاتوودا دهمدرێژی دەکاتە سەر مەرجەعەکان، خودا خۆی باشتر دەزانێ".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بێبەری بوونی خۆی لەو کەسانە راگەیاندووە كه ھێرش بکەنە سەر نوری مالیکی و راگەیاندووە: "من بەرامبەر بە خودا و گەل، خۆم بێبەری دەکەم لەھەر دەستدرێژییهك یان بەکارھێنانی توندوتیژییهك دژی (مالکی)".
موقتەدا سەدر بە ئاماژەدان بەوەی ئەگەری ھەیە، لایەنی سێیەم دەست لە پرسەکە وەربدات بە مەبەستی ورووژاندنی دووبەرەکیی و گوتوویەتی: "من تا رۆژی دوایی لە لایەنی سێیەم بێبەریم ئەگەر دەست لە پرسەکە وەربدات".
ھەروەھا رایگهیاندووه: "ئامۆژگاری (نوری مالیکی) دەکەم دوور بکەوێتەوە لە کاری سیاسی و پەنا بباتە بەر پاڕانەوە لە خودا، هەروەها خۆی و ئەوانەی کە پەنای داون لە گەندەڵکاران رادەستی لایەنی دادوەری بکەن کە لەوانەیە ببێتە تۆبەکردنێک لەبەردهم خوا و گەلی عێراق".
سەدر جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە (نوری مالیکی) "مافی ئەوەی نییە دوای ئەو ھەموو بیرۆکە رووخێنەرانەیه، بە ھیچ شێوەیەک لە شێوەکان سەرکردایەتی عێراق بکات، چونکە ئەوە وێرانکارییە بۆ عێراق و گەلەکەی" و رایگهیاندووه:
"لە ھەموویان سەرسووڕھێنەرتر، ئەو تۆمەتانەن کە بەسەر ئێمەی ئالی سەدردا دەبارن، لەلایەن سەددامەوە, پێشووتر لە لایەن داگیرکەر و لە لایەن تۆوە (مالیکی)، ھەروەھا لە لایەن ژمارەیهک لایەنی دادوەری دەوڵەتێکی دراوسێ کە بە خیانەت و بەکرێگیراو گەندەڵ تۆمەتبار کراوین".
موقتەدا سەدر لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "بۆ ئەم سازانەی نێوانتان لەسەر پرسێک کە ھیچ بەڵگەی لەسەر نییە، ئێمە ھەموومان لە لای خودا (بۆ لێپرسینەوە) کۆدەبینەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن.
ئەم هەواڵە 241جار خوێندراوەتەوە |