ZNA – هەولێر
حزبی دەعوەی ئیسلامی رایگەیاند، دەزگا نهێنییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات چاویان لەسەر گۆڕانکارییەکانی عێراقە و بەردەوام ئاگری دووبەرەکی ئاژاوە خۆشدەکەن.
رۆژی دووشەممە 18-7-2022، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە تویتێکیدا داوای لە حزبی دەعوەی ئیسلامی كردبوو پشتیوانی نوری مالیکی نەکەن و خۆیانی لێ بێبەری بکەن، لەوەڵامی داواکەی سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بۆ رووبەروونەوەی رژێمی سەدام پشتیوانی "محەمەد باقر سەدر" ، یەکێک لە خاوەن بیرۆکە و دامەزرینەرانی حزبی دەعوەی ئیسلامی، کردووە و لەئەدەبیاتی حیزب و هەموو چالاکی و کارێکی سیاسی پرۆژەکەی ئەویان جێگیرکردووە و پەیڕەویان کردووە.
لەراگەیێندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، لەگەڵ براکانیان بەردەوامبوون لەسەر پاراستنی کاری سیاسی و یەکپارچەیی خاکی عێراق و گێڕانەوەی سەروەری عێراق و بەردەوام دەبن لە رووبەرووبوونەوەی هەر کارێکی دوژمنکارانەی نێودەوڵەتی و هەرێمی و گوێ بەهیچ ئاژاوەگێڕییەک نادەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیانراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا گرنگترین ئەرکێک بەلایەنەوە پێکهێنانی حکومەتی دامەزراوە و سەپاندنی ئاسایش و یاسا و خزمەتکردنی هاوڵاتییان و نیشتیمانە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەوان پرۆسەى سیاسی عێراق لە دوژمنانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و خەڵکی چاوچنۆک دەپارێزن و لە ئێستاشدا کەسانێک هەن ئاگری فیتنە لەناو ئێمەدا هەڵدەکەن".
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەى حزبی دەعوە، ئەوان دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا نەگرتووە و دەزگا نهێنییەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەیانەوێت عێراق بکەنە شوێنى ململانێ لەڕێگەی هێرشى ئەلیکترۆنییەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆى دزەپێکردنى دوو تۆمارى دەنگى نورى مالیکى کە تیایدا هەڕەشە لە موقتەدا سەدر دەکات و دەڵێت، قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە سەدریش هاتووە بۆ ئەوەی بکوژێت و سەرببڕێت، موقتەدا سەدر لە وەڵامدا لە تویتێکدا دەڵێت، پێویستە مالیکی دەستبەرداری سیاسەت بێت و خۆی رادەستی دادگا بکات.
ئەم هەواڵە 175جار خوێندراوەتەوە |