ZNA – هەولێر
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، داوایان کردووە سندوقی سەروەری دامبەزرێنرێت و بۆ هەڵگرتنی زیادەی داهات تەرخانبکرێت.
رۆژی دووشەممە18-7-2022، عەمار خەلەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، داوایان کردووە سندوقی سەروەری دابمەزرێنرێت کە دەبێتە دەرچەیەکی گرنگ بۆ فرۆشتنی دراو و پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی وڵات بەشیوەیەکی بنەڕەتی.
خەلەف گوتیشی، ئیدارەی بانکی ناوەندی داوایکردووە سندوقەکە تەرخانبکرێت بۆ سود وەرگرتن لەو زیادەیەی داهات کە دەست حکومەت دەکەوێت و تیایدا هەڵبگیرێت.
لەبارەی بڕیاری دامەزراندنی سندوقەکەشەوە، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، لە بنەڕەتدا بڕیارەکە بە دەست حکومەتی عیراقی و وەزارەتی داراییە.
خەلەف ئەوەشی خستەڕوو، بانکی ناوەندی لەکاتی دامەزراندنی سندوقەکەدا تەنها بەشداری لە ئیدارەدان و بەڕیوەبردنی سندوقەکەدا دەکات.
لەبارەی ڕۆڵی سدنوقەکەشەوە، دەڵێت: دەرچەیەکی گرنگە بۆ فرۆشتنی دراو و پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی وڵات بەشێوەیەکی بنەڕەتی و ئەو دارانەی هەناردەی دەرەوە دکرێن بەندە لەسەر هاوردەکردنی کاڵاوە، ئەمەش رێگایەکی باشە بەمەبەستی دابینکردنی دراوی بیانی بەمەبەستی بەردەستخستن و دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرجەم قەرزەکانی وڵاتی کوەیتی داوەتەوە، راوێژکاران و شارەزایانی ئابوری و دارایی پێشنیاریان کرد "سندوقی سەروەری" دابمەزرێنرێت و ئەو بڕە پارەیەی مانگانە وەک قەرز و قەرەبوو دەدرایەوە بە کوەیت لەگەڵ زیادبوونی داهاتی تێدا هەڵبیگیرێت بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
ئەم هەواڵە 187جار خوێندراوەتەوە |