ZNA – هەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاشكرایكرد، سوورن لەسەر ئەوەی ئهو پڕۆژانهی له وادهی خۆیان دواكهوتون و تایبەتن بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا، تەواو بکەین، لەنێویاندا پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەكدا کە وەزیری ئاوەدانکرانەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، نازەنین محەمەد وسو و پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری و ژمارەیەک بەرپرسی پەیوەندیدار ئامادەی بوون، پلان و دیزانی نوێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ، ھەروەھا خەرجی دارایی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووبارە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە خراونەتە بەرباس.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە: لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەو بەڵێنەی کە لە كاتی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ پارێزگاکە بە خەڵکی مووسڵ داوە جێبەجێی دەکات و ئاماژەی بەوەداوە دوای تەواوبوونی سەرجەم پێداویستییەکان، بەم نزیکانە بەردی بناغەی پڕۆژەی دووبارە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەی نێودەوڵەتی مووسڵ دادەدنرێت.
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە: "سوورین لەسەر ئەوەی ئهو پڕۆژانهی له وادهی خۆیان دواكهوتون و تایبەتن بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا، تەواو بکەین، لەنێویاندا پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ".
ههروهها سەرجەم ئەو ئاستەنگانە کە لهبهردهم جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لادەدەن، ئەوەیش لەپێناو ئەوەی پارێزگاکە بەشێوەیەکی نۆێ دەربکەوێت کە ماوەی چەند ساڵێک بوو بەدەست تیرۆرەوە ناڵاندوویەتی.
ئەم هەواڵە 235جار خوێندراوەتەوە |