English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەڕێوبەری سی ئای ئه‌ی: رووسیا نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی خۆی لە ئۆکراینا لەدەستداوە
2022-07-21 [05:43 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، ولیام بێرنز ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە میانی جەنگی ئۆکراینادا، رووسیا نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی لەدەستداوە و ژمارەی ئەو سەربازە ئۆکراینییانەشی لەم جەنگەدا کوژراون، له‌م ژماره‌یه‌ نزیكه.

ولیام بێرنز لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاسایشی ئاسپێن کە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ ساز کرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین خۆی باوەڕی بە خۆی هێناوە کە دەتوانێت دووبارە رووسیا بکاتەوە بە وڵاتێکی زلهێزی مەزن، لەبەر ئەمەش بوو کە پێیوابوو دەتوانێت ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکات.

بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە دەستیان کردووە بە وەرگرتنی کۆمەڵێک زانیاری هەواڵگریی بێزارکەر و بۆ گەیاندنی نیگەرانییەکانی واشنتۆنیش سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن خودی خۆی ناردووە بۆ مۆسکۆ تا لەوە ئاگاداریان بکاتەوە کە ئەگەر لەسەر ئەم رێبازەیان بەردەوام بن ئەوا ئاکامی زۆر قورسی دەبێت و گوتی: "لە کاتێکدا گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم ئەوەم بە بایدن راگەیاند کە هێشتا پوتین بڕیاری ئەنجامدانی هێرشی نەداوە، بەڵام بەئاشکرا بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێت. باوەڕیشم وابوو کە لە رووی ستراتیجییەوە دەروازەی کۆنترۆڵکردنی ئۆکراینا و بژاردەکانی ئۆکراینا، روو لە داخستن بوو".

لە کۆڕبەندەکەدا پرسیاری ئەوە ئاراستەی ولیام بێرنز کرا کە "ئایا پوتین لە رووی ئەقڵییەوە کەسێکی تەندروستە یان نا؟" لە وەڵامدا ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆکی رووسیا بەتەواوی تەندروستە و تێڕوانینێکی تایبەت بەخۆی هەیە.

بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا لە بارەی زیانەکانی رووسیا لە جەنگەکەدا رایگەیاند "لە پرسی زیانە گیانییەکاندا، ژمارەیەکی ورد نییە بەڵکو تەنها خەمڵاندنە. دوایین خەمڵاندنی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاش ئەوەیە کە تا ئێستا نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی رووسیا لە جەنگەکەدا کوژراون و لانیکەم سێ هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون. هەربۆیە ئەمە زیانێکی گەورەیە. لە بەرامبەردا ئۆکرایناش زیانی زۆری لێکەوتووە و ژمارەی قوربانییەکانی کەمێک لەم ژمارەیە کەمترە".

ولیام بێرنز باسی لەوەش کرد کە رووسیا دوای شکستهێنانی لە قۆناغی یەکەمی جەنگەکەدا، دووبارە خۆی رێکخستووەتەوە و ئامانجەکانی داڕشتووەتەوە، وەک تاکتیکێکی ئاسانیش دەستی بە بەکارهێنانی تۆپ و مووشەکی دوورهاوێژ کردووە کە لە ساڵانی ١٩٩٤-١٩٩٥دا ئەم تاکتیکەی لە جەنگی چیچاندا بەکارهێناوە.

بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا، ولیام بێرنز ئاماژەی بەوەشدا کە رووسیا، هاوشێوەی جەنگی چیچان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هەموو ئەو گوندانەی خاپوور کردوون کە دەستی بەسەریاندا گرتووە، بەڵام پێشڕەوی رووسیا لە ئۆکراینا بەراورد بە پێشڕەوییەکانی لە چیچان، هێواشترە.

بێرنز گوتیشی: "پوتین پێیوابوو دەتوانێت بە شێوازێکی دیکە ئەمریکا و ئەورووپا، سەرقاڵ بکات و لەو باوەڕەدابوو کە دەتوانێت ئۆکراینا و ئەورووپا تێکبشکێنێت، بەڵام سەرۆکی رووسیا بەهەڵەدا چوو، چونکە تا کاتێک ئەمریکا و وڵاتانی دیکە پشتیوانی سەربازیی بدەن بە ئۆکراینا، ئەو وڵاتە لە جەنگ بەردەوام دەبێت، هەروەها هاوپەیمانی ناتۆش بەهێزتر بوو و لەئێستادا سوید و فینلاندی دراوسێی رووسیاش هاتوونەتە ناو پەیمانەکەوە".

بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، ولیام بێرنز ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چین، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر تایوان تاوتوێ دەکات و ئەگەر ئەو توانایە لە خۆیدا ببینێت ئەوا سەرۆکی چین، شی جین پینگ بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە دەدات، ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەمە لە چەند ساڵی داهاتوودا رووبدات.

ولیام بێرنز ئاماژەی بەوەشدا کە چین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆسەر تایوان، چاودێری ئۆپەرسیۆنەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەکات، باسی لەوەش کرد کە کاریگەرییەکانی چین لەسەر ئابووری جیهان، زیاترن لە کاریگەرییەکانی رووسیا و ئەگەر سزا بەسەر حکوومەتی پەکیندا بسەپێندرێت ئەوا پێویستی بە ئامادەکاری زیاتر دەبێت.





ئەم هەواڵە 301جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad