ZNA – هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی هێرشەتیرۆریستیەكەی هەفتەی ڕابردووی شاری زاخۆ کۆبووەوە و داوای دەركردنی پەكەكە و هێزەكانی توركیا لەخاكی عێراق كرا.
جینین پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، "لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان پێشنیازیکرد هێزەکانی پەکەکە لە عێراق دەربکرێن، تەواوی هێزەکانی تورکیا بکشێنەوە، هێزی فیدراڵیی عێراقی لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا بڵاوبکرێتەوە، رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێندرێنەوە ئەگەر هەبێت، هەروەها چاو بە بودجەی بەرگری بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی عێراق بەهێزبکرێت."
جینین پلاسخارت ئاماژەی بەوەش کرد، "لەکاتێکدا هیچ کەسێک حەزی بە هەڵچوونی زیاتر نییە، عێراق داوا دەکات تورکیا لە تەواوی خاکی عێراق بکشێتەوە و داوای لێکۆڵینەوەش دەکات."
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رێکخرابوو كەخۆیشی لەوێبوو، داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە تۆپبارانەکەی هاوینەهەواری پەرەخ بکات کە گیانلەدەستدانی 9 هاووڵاتیی عێراقی لێکەوتەوە.
حوسێن گوتیشی، شەڕی تورکیا و پەکەکە زیانی گیانی و ماددی گەورەی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە، داوای لە هەردوولا کرد لە نێو خاکی عێراق بکشێنەوە.
ئەم هەواڵە 280جار خوێندراوەتەوە |