English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا به‌توندی وه‌ڵامی یه‌كتریان دایه‌وه‌
2022-07-30 [12:16 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی گرژ و درێژخایەندا مشتومڕییان لەسەر کۆمەڵێک بابەت کرد، لە بابەتە جێناکۆکی لەسەرەکانی نێوان تورکیا و یۆنانەوە بۆ دۆسییەی کەسایەتی خێرخوازی تورکی عوسمان کاڤالای زیندانیکراو و چەکدارە کوردەکان.

کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە یەک کاتژمێر دوای کاتی دیاریکراوی خۆی دەستیپێکرد و یەک کاتژمێریشی خایاند، دوو وەزیرەکە سەرەتا بە لێدوانی ئاسایی دەستیان پێکرد، دواتر لێدوانەکانیان توند بۆوە لەکاتێکدا کە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی یەکتر دەگرت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ گوتی ئەڵمانیا بێلایەنی خۆی لە نێوەندگریکردن لەنێوان تورکیا و یۆنان و قوبرسدا لەدەستداوە، وتیشی دەبێت ئەڵمانیا بەبێ دەمارگیری گوێ بۆ هەموو لایەنەکان ڕابگرێت.

چاوش ئۆغلۆ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا لە ئیستەنبوڵ گوتی " وڵاتانی سێیەم، بە ئەڵمانیاشەوە، نابێت ببنە ئامڕازێکی وروژاندن و پڕوپاگەندەی یۆنان و قوبرس."

پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە گرژییان تێکەوتووە، یەکێکیش لەو بابەتانە کێبڕکێی نێوان دوو وڵاتەکەیە لەسەر سنووری ئاوی نێوانیان.

قوبرس کە لە ساڵی 1974 دا کاتێک تورکیا سێیەکی باکووری ئەو وڵاتەی داگیرکرد بەهۆی کودەتایەکەوە کە یۆنان هانی دابوو، دابەش بوو، خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک گوتی کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند بە زیادکردنی گرژییەکان چارەسەر نابن.

دواتر بێربۆک پرسی کەسایەتی خێرخوازی تورکی عوسمان کاڤالای وروژاند و داوای لە تورکیا کرد بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکات.

بێربۆک گوتی " بەرپرسیارێتی منە وەکو وەزیرێکی دەرەوە بەبێ جیاکاری و هەموو کات ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ بگرم و داکۆکییان لێبکەم." وتیشی کاڤالا دەبێت ئازاد بکرێت.

دادگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم مانگەدا گوتی تورکیا بڕیاری ساڵی 2019 لەسەر کاڤالا جێبەجێ نەکردووە، وەکو بەشێک لە پێشلکردنی ڕێوشوێنەکان، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکردنی ئەنقەرە لە ئەنجومەنی ئەوروپا کە چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکات.

چاوش ئۆغلۆ وەڵامی بێربۆکی دایەوە و گوتی یۆنان و نەرویج و ئەڵمانیاش بڕیارەکانی دیکەی دادگای یەکێتی ئەوروپایان بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ نەکردووە، هەروەها ئەڵمانیای بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی کاڤالا لەڕووی داراییەوە تۆمەتبار کرد.

لە مانگی چواردا کاڤالا سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بە تۆمەتی دابینکردنی پشتیوانی دارایی بۆ خۆپیشاندانەکانی " گێزی " ساڵی 2013 ی سەرانسەری تورکیا، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێن دادگاییەکی سیاسیی بووە.

چاوش ئۆغلۆ وتی " بۆچی بەردەوام باس لە عوسمان کاڤالا دەکەیت؟ چونکە ئێوە عوسمان کاڤالا لە دژی تورکیا بەکاردەهێنن. دەزانین لە ماوەی ڕووداوەکانی گێزیدا چەندە پارەی وەرگرتووە."

لە ساڵی 2019 دا دادگای یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڕیاریدا دەستبەسەرکردنی کاڤالا ئامانج لێی بێدەنگکردنی بووە و بەڵگەکانیش بەس نەبوون بۆ تۆمەتبار کردنی.

چاوش ئۆغلۆ ڕەخنەی لە ئەڵمانیاش گرت لەسەر " باوەشکردنەوە " بۆ چەکدارە کوردییەکان. بێربۆک گوتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپاش پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن.

 

voa





ئەم هەواڵە 418جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad