ZNA – هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا قوتابیانی قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی و سێیەمی ناوەندی کە لە سێ وانە دەرنەچوون ، تاقیکردنەوەی خولی دووەم بیانگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 2-8-2022، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دوای کۆبونەوەی "عەلی حەمید دلێمی" وەزیری پەروەردە، لەگەڵ لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان، رێککەوتن لەسەر بڕیاری بەشداری پێکردنەوەی قوتابیانی قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی و سێیەمی ناوەندی کە لە سێ وانەدا کەوتون بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خولی دووەم بۆ ساڵی خوێندنی 2021 – 2022.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وەزیری پەروەردە بڕیارەکەی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی دەستەی بۆچوونەکاندا خستە بەردەم بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەی و بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر درا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی گشتی قوتابیان .
بەپێ بەیاننامەکە ، "دلێمی " داوای لە قوتابیان کردووە "ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن کە پێیان دراوە و خۆڕاگر بن بۆ بەدیهێنانی خەونی سەرکەوتن.
ھاوکات ستایشی هەوڵەکانی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و پەرۆشی بەردەوامیان بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی پەروەردە و داهاتووی قوتابیان کردن .
ئەم هەواڵە 619جار خوێندراوەتەوە |