English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چین گفتووگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا له‌چه‌ندین بواردا ڕادەگرێت
2022-08-06 [09:43 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

بەهۆی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئه‌مه‌ریكا بۆ تایوان گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین زیاتر پەرەی سەندووە، دوێنێ هەینی چین رایگەیاند گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریکا لە ژمارەیەک بواردا لەنێویاندا لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی لە گۆڕەپانەکەدا و سەبارەت بە دانوستانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا ڕادەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە؛ کە هەروەها هاوکارییەکانی لەگەڵ واشنتۆن ڕادەگرێت لە بارەی ڕێگریکردن لە تاوانی سنووربەزاندن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، کە بوارێکە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا کە بەرپرسانی ئەمەریکا دەرفەتی هاوکاری تێدا دەبینن.

چین بە تووڕەییەوە دوای ئەوەی لە ماوەی 25 ساڵدا یەکێک لە بەرپرسە هەرە باڵاکانی ئەمەریکا سەردانی ئەو دوورگەیەی کرد کە ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەرە و بەیژینگ بە سەروەری خاکی خۆی دەزانێت، ڕۆژی پێنجشەممە دەستی بە مەشقی سەربازی کرد لە دەریا و ئاسمانی دەوروبەری تایوان. مەشقەکان بە چەکی ڕاستەقینە بوون کە گەورەترین مەشقی سەربازی چینە لە گەرووی تایوان دا ئەنجامدرا بێت، بڕیارە تا ڕۆژی یەکشەممە ئەو مانۆرە سەربازییە بەردەوام بێت.

وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە فڕۆکەکانی بانگ کردووە بۆ ئەوەی فڕۆکە چینییەکان ئاگادار بکەنەوە کە بە وتەی خۆیان چوونەتە ناوچەی بەرگری ئاسمانی دوورگەکەوە، کە هەندێکیان هێڵی ناوەڕاستی گەرووی تایوانیان بەزاندووە، کە ناوچەیەکی دابڕاوی نافەرمیە هەردوو لا لەیەکتر جیا دەکاتەوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گشتی 68 فڕۆکەی سەربازی چین و 13 کەشتی هێزی دەریایی لەو گەروویەدا ئەرکیان ئەنجامداوە.

فەرماندەی گۆڕەپانی سەربازی رۆژهەڵاتی چین لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی سوپای وڵاتەكەی مەشقی ئاسمانی و دەریایی بۆ باكور و باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی تایوان ئەنجامداوە "بۆ تاقیكردنەوەی توانای شەڕی هاوبەشی سەربازەكان."

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی واشنتۆن چەندین جار بۆ بەیژینگ ڕوونی کردووەتەوە کە بە دوای قەیراندا ناگەڕێت لەسەر سەردانەکەی پێلۆسی بۆ تایوان کە ڕۆژی چوارشەممە لە میانی گەشتێکیدا بۆ ئاسیا ئەو گەشتەی کردبوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ناوچەیی ئاسیا لە کەمبۆدیا ڕایگەیاند "هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەم وەڵامە سەربازییە توندئاژۆیە و ناپێویست و پەرەسەندووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا کردەوە مەترسیدارەکانیان بردۆتە ئاستێکی نوێوە."

 

voa





ئەم هەواڵە 133جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad