English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان داوای یارمەتی نێودەوڵەتی دەکات
2022-08-27 [09:14 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕۆژی هەینی داوای یارمەتی نێودەوڵەتی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیانەکانی لافاو لەو وڵاتە هەژارە ئیسلامیەدا لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن لە هەوڵی ئەوەدان هەزاران کەس لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو بگوازنەوە.

بانگەوازەکەی شەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە کاتێکدا بوو کە بارانێکی بەخوڕ بە شێوەیەکی نائاسایی بەردەوامە لە پاکستان و ژمارەی کوژراوەکان لە ناوەڕاستی مانگی 7 ەوە گەیشتۆتە 937 کەس کە زیاتر لە یەک لەسەر سێیان منداڵن. ئەم قەیرانە حکومەتی ناچار کردووە باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.

ناوبراو دەشنووسێت "ئەو بارانبارینە بەردەوامە بووەتە هۆی وێرانکاری لە سەرانسەری وڵاتەکەدا." سوپاسی وڵاتان و گروپەکانی دیکەی کرد بۆ پشتگیریکردنیان و نووسیوێتی "پێکەوە باشتر بونیادی دەنێینەوە."

دواتر لەگەڵ دیپلۆماتکارانی بیانی و نوێنەری دەزگا نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری کۆبووەوە بۆ ئەوەی لە زیانەکان ئاگاداریان بکاتەوە. لە بەیاننامەیەکی حکومەتدا کە لە زاری شەریفەوە هاتووە 300 منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەیە.

شەریف گوتی پانتایی ئەو وێرانکاریانەی کە بەهۆی باران و لافاوی ئەم دواییانەوە کەوتۆتەوە خراپتر بووە لە ساڵی 2010 کە بەهۆی لافاوەوە هەزار و 700 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو هۆکاری ئەو کارەساتە بە "مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا" دەزانێت.

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی نیشتیمانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، لافاو زیانی بە 170 هەزار ماڵ گەیاندووە و ڕێگاوبانەکانی هەڵتەکاندووە و نزیکەی 150 پردی وێران کردووە. هەرچەندە لە هەندێک ناوچەدا ئاوی لافاوەکە کەمی کردووە، بەڵام لە پارێزگای سند دۆخەکە خراپتر بوو، کە کارمەندانی فریاگوزاری بەلەمیان بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی خەڵک. هاوکات هەزاران کەس بەهۆی لافاوەکەوە لە ماڵ و خێمە کاتییەکاندا دەژین.

شەریف ڕۆژی هەینی سەردانی ئەو ناوچانەی کرد کە دووچاری لافاوەکە بوونەتەوە لە پارێزگای سند، دڵنیای پێدان کە حکومەت پشتیوانی قوربانیانی لافاوەکە دەکات. نزیکەی 6 هەزار و 500 سەربازی پاکستان بەشداریان کردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن و تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەسیان گواستۆتەوە.

 

voa





ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad