English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری سەدر بۆ ئێران: حوشترەکەتان لە عێراق رەشمە بکەن، ئەگەرنا پەشیمانی سوودی نابێت
2022-08-31 [10:24 AM]

ZNA- هەولێر


وەزیری سەدر رایگەیاند، هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی "بێئابڕوو" و هەڵوێستەکانی گرووپە چەکدارە "بێئابڕووەکانم" بەلاوە سەیر نەبوو، "کە دەڵێن پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێئابڕوو." داوا لە ئێرانیش دەکات "حوشترەکەیان لە عێراق رەشمە بکەن، ئەگەرنا پەشیمانی سوودی نابێت."

ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە وەزیری رێبەری رەوتی سەدر ناسراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 31-08-2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "هێشتا خوێنی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز، کە بە ناڕەوا و بە گوللەی گرووپە چەکدارە قێزەونەکانیان کوژران، وشک نەبووە. وەکو بڵێی ئەوەی کوژرا تیرۆریستە یان زایۆنی؛ [وەکو بڵێی] شیعە نییە و پەیوەندی بە نیشتمانەوە نییە."

وەزیری سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی بێڕەوشتن و ئایینیان نییە، چونکە ئەوان سێکوچکەیەکی بێئابڕوون و نازانن چاکسازی و شۆڕش و ئاشتیخوازی و نەهامەتی خەڵکی چین."

ساڵح محەممەد عێراقی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەلایەوە "سەیر نین" و دەڵێت، "هیچکات هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بێئابڕوو و هەڵوێستەکانی گرووپە چەکدارە بێئابڕووەکانیم بەلاوە سەیر نەبوو، کە دەڵێن بەردەوام دەبن لە هەوڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێئابڕووی خۆیان."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو کەمینە شەیدای گەندەڵی و پارە و شتی قێزەونە، کە پێی دەژی وەکو ئاژەڵێک کە پیسی بخوات و ئیدی گۆشتەکەشی بە کەڵکی خواردن نەیەت." هەروەها زیاتر هێرشی کردووەتە سەر چواچێوەی هاوئاهەنگی و گوتوویەتی، "ئەو کەمینە بە گەندەڵی بەهێز دەبێت و تەنانەت بۆ یەک جاریش هەوڵی نەداوە کەیسێکی گەندەڵی ئاشکرا بکات."

بە گوتەی ساڵح محەممەد عێراقی، "ئەوان [چوارچێوەی هاوئاهەنگی] دژی چاکسازی و چاکسازەکانن، ئەوان لەسەر جەستەی شەهیدەکانیان و کشانەوەیان لە پەرلەمان و لە خۆپێشاندانەکان سەما دەکەن، وەکو بڵێی ئەوان عێراقی نین."

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەیشی خستووەتەڕوو، "ئەمە ململانێیە، ئەو چینە گەندەڵەشی کە لە دەسەڵاتە، وادەی لەنێوچوونی هاتووە. لێرەشەوە ئەگەر ئەوان ماتەمینی رانەگەیێنن با ئیدی من و رەوتەکە [رەوتی سەدر] بە دووژمنی یەکەمی خۆیان بزانن، بەڵام دوور لە تووندوتیژی و کوشتن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، "بە ئێرانی دراوسێش دەڵێم، با حوشترەکەی لە عێراق رەشمە بکات؛ ئەگەرنا پەشیمانبوونەوە سوودی نابێت."

دوای دوو رۆژ شەڕ و پێکدادانی چەکداری لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و ئەوانەی کە رەوتی سەدر دەڵێت، چەکداری سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین لە بەغدا، رۆژی سێشەممە 30ی ئاب، لایەنگرانی رەوتی سەدر بە فەرمانی راستەوخۆی رێبەری رەوتەکە کۆتاییان بە شەڕ و مانگرتن و خۆپێشاندان هێنا.

بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە دوو رۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی بەغدا لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و دژبەرەکانیان، 20 کەس کوژراون و 380 کەسی دیکەش بریندار بوون.





ئەم هەواڵە 166جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad