English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمریكا هانی لایەنە عێراقییەكان دەدات لە رێگەی دیالۆگەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن
2022-08-31 [10:32 AM]

ZNA- هەولێر


جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیێنێت، ئەوەی لە عێراق روودەدات پرسێكی عێراقییە، بەڵام گرنگە هەموو لایەنەكان كار بكەن بە مەبەستی نەهێشتنی جیاوازییەكانیان لە رێگەی دیالۆگەوە.

 

لەبارەی شەڕ و گرژییەکانی عێراق لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هانی هەموو لایەنەكان دەدەین جیاوازییەكانیان لە رێگەی دیالۆگ و مامەڵەكردن چارەسەر بكەن. ئەمە پرسێكی عێراقییە، نەك ئەمریكی."

 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش کردووە، "جەخت لە پابەندبوونی حكومەتی ئەمریكا بە عێراقێكی بەهێز، سەقامگیر و خۆشگوزەران دەكەینەوە. باوەڕمان وایە هاوبەشییەكی ماوە درێژ، قووڵ و فرەبوار لەگەڵ عێراق لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و خەڵكی ئەمریكادایە."

 

نزیکەی 11 مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت. پاتێڵ رایگەیاند، "پێشتریش رامانگەیاندووە كە ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لایەنەكان ئەم چەقبەستووییەی ئێستا تێپەڕێنن. لەوەش زیاتر، هانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە دۆخەكە دەدەین ئارامگر بمێننەوە، خۆیان لە تووندوتیژی دووربگرن و پەنا بۆ رێگەی ئاشتییانە ببەن بۆ چارەسەری دۆخەكە."

 

خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، هەمان کات خۆپێشاندانی لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەڵام خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە رۆژی دووشەممە گرژیی لێکەوتەوە و دواتر سەری کێشا بۆ شەڕێکی قورس کە لە چەندین ساڵی رابردووی بەغدا وێنەی نەبووە.

 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو، مافی خۆپێشاندانی گشتیی ئاشتییانە بنەمایەكی سەرەكیی هەموو دیموكراسییەكانە، "دەبێت خۆپێشاندەران رێز لە سامان و دامەزراوەكانی حكومەتی عێراق بگرن كە هی خەڵكی عێراقن و خزمەتی ئەوان دەكەن."





ئەم هەواڵە 157جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad