English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دابه‌شكردنی مووچه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ر دادێت
2022-09-03 [02:18 AM]

ZNA- هەولێر


ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات، بڕیارە تاكۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو، دابەشكردنی مووچە بە سیستەمی ئەلیكترۆنی و كارت بچێتە واری جێبەجێكردنەوە.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان  رایگەیاند: " فەرمانگەی تەنكنەلۆژیای زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو رێكارەكانی بەئەلیكترۆنیكردنی مووچەی تەواو كردووە و سێرڤەر ئامادەیە، بەڵام هەندێك گرفت هەیە، هێشتا چارەسەر نەبووە”.

ئاماژەی بەوەش دا، هەنگاوی یەكەمی بەلیكترۆنیكردنی مووچە لە مووچەی خانەنشینان دەبێت، گوتیشی: "ئێستا حكوومەت لە بە ئەلیكترۆنی كردنی بانكەكان بەردەوامە، 22 بانك بەئەلیكترۆنی كراون. فەرمانگەی تەنكنەلۆژیای زانیاری هەموو ئامادەكاریی خۆیان
تەواو كردووە، بۆ ئەوەی مووچە بكرێت بە كارت و كی كارت". وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی جەختیان
كردووەتەوە، لەم مانگەوە پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی خانەنشینی و دواتریش مووچەی خانەنشینان بەئەلیكترۆنی دەكرێت. رۆژی 29ی ئاب، وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە 12ی9ی 2022 پڕۆژەیەکی گەورە بەمەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی مامەڵەی خانەنشینی بەسەرپەرشتیی USAID و کونسوڵخانەی ئەمەریکا و بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت، کە کۆڵەگەی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە مامەڵەی نووسراوی کاغەزی نامێنێت.

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە سەرجەم ئەو هەوڵانە کرد، کە دەیانەوێت لەم کابینەیەدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەئەلکترۆنی بکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی زوو ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتین.

ئەرشەد لۆلانی، راشیگەیاند: "حكوومەت زۆر رژدە لە بابەتی بەئەلیكترۆنیكردنی بانكەكان و گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی مووچە، زۆر وڵات ئەو سیستەمە پیادە دەكەن و زۆر كێشە چارەسەر دەكات”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی جەختی كردەوە، بە پیادەكردنی ئەو سیستەمە، دابەشكردنی مووچە گۆڕانكاریی زۆری تێدا دەكرێت، گوتیشی: " ئێستا بە 20 رۆژ مووچە دابەش دەكرێت، ئەوكات دەتواندرێت لە ماوەی یەك هەفتە و كەمتر لە هەفتەیەكیش مووچە دابەش بكرێت، چونكە مووچەكە دەچێتە سەر كارت و كێشەی نابێت و دەتواندرێت لە بانكەكان مووچە وەربگیرێت”.

ئەرشەد لۆلانی، باسی لەوەش كرد، بڕیارە تاكۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو، دابەشكردنی مووچە بە سیستەمی ئەلیكترۆنی بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، گوتیشی: "سەرەتا مووچەی خانەنشینان بە كارت دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت سیستەمەكە لەكۆتایی ساڵ و لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".

 

شوان به‌رزنجی 





ئەم هەواڵە 3184جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad