English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هاتووچۆی هەولێر: دەوامی بەشی مۆڵەت درێژ دەکەینەوە
2022-09-03 [02:47 AM]

ZNA- هەولێر


 

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، لەبەر ئەوەی گوشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بە شێوازە تازەکە، دەیانەوێت دەوامی بەشی مۆڵەت تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە درێژ بکەنەوە.

 

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: "هەرکەسێک بیەوێت مۆڵەتەکەی تازە بکاتەوە، بەپێی ئەم شێوازە نوێیە بۆی تازە دەکرێتەوە، بەڵام ئێستا ئەو کەسانە بەڕێ دەکەین کە مۆڵەتیان بەسەر چووە یان هەفتەیەک تا 10 رۆژیان ماوە بەسەر بچێت، چونکە گوشارێکی زۆرمان لەسەرە، ئەگەرنا ئەوانەیشی شەش مانگیان ماوە، دەتوانرا بۆیان نوێ بکرێتەوە."

 

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی: "لە بەرنامەماندایە وەک بەشی تابلۆکان دەوامی بەشی مۆڵەتی شۆفێرییش تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە درێژ بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین هاووڵاتی بەڕێبکەین."

 

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتیش تەنیا 65 هەزار دینار وەردەگیردرێت، بەڵام ئەو کەسانەی زیاتر لە ساڵێکیان ماوە مۆڵەتەکەیان بەسەر بچێت و پێیان خۆشە تازەی بکەنەوە، 115 هەزار دیناریان لێوەردەگیردرێت، بەڵام ئێستا کار بۆ ئەم جۆرە کەسانە ناکەین.

 

نابیستان کە رێگەیان نادرێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و مۆڵەتی شۆفێرییشیان نادرێتێ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاشتاگێکیان راگەیاندووە و داوا دەکەن ئەوانیش رێگەیان پێبدرێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن و ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.

 

لەوبارەیەوە فازڵ حاجی گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە 86ـی هاتووچۆی عێراقی، کەسێک دەتوانێت شۆفێری بکات کە لە پشکنینی پزیشکیدا دەرچووبێت. لیژنەی پزیشکی بڕیار دەدات کە کەسێک شیاوە ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت یان نا. ئەوەندەی منیش زانیاریم هەبێت، لە هەموو دنیادا رێگە نادرێت نابیست ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت. نابیستی هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە رووداوی هاتووچۆ، چونکە شۆفێران بە هۆڕێن یەکدی ئاگادار دەکەنەوە و نابیستیش ئەو ئاگادارکردنەوەیە نابیستێت."

 

سه‌رچاوه‌ / رووداو 





ئەم هەواڵە 298جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad