English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حەلبوسی ده‌ پرسی گرنگی پێشنیاز كرد، پرسێك پەیوەندی به‌حکوومەتی هه‌رێم و فیدرال هه‌یه‌
2022-09-04 [11:58 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی ١٠ پرسی گرنگی پێشنیاز کرد، بۆ ئەوەی لە میانی گەڕی دووەمی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، تاوتوێ بکرێن و وەک خۆی رایگەیاندووە کە بەبێ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسانە، پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بەردەوام نابێت.

لەو پرسانەی کە محەمەد حەلبوسی پیشنیازی کردوو؛ دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە وادەکەی لە کۆتایی ساڵی داھاتوو تێپەڕنەبێت و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەپێی رێککەوتنێک کە بۆ گەل ئاشکرا بکرێت تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز پەسەند دەکرێت.

محەمەد حەلبوسی لە تویتێکدا، ١٠ پرسی گرنگی پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی لە گەڕی دووەمی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا تاوتوێ بکرێن و نووسیوویەتی "دانیشتنەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانیی ١٠ پرس لەخۆ بگرێت، چونکە بەبێ رێککەوتن لەسەر ئەو پرسانە، پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بەردەوام نابێت".

راشیگەیاندووە "لە دانیشتنەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانییدا، وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریی بکرێت کە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو تێپەڕنەبێت، هەروەها پرسی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێیش تاوتوێ بکرێت".

ئاماژەی بەوەیشداوە لە دانیشتنەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانییدا، گفتوگۆ بکرێت لەبارەی ھەڵبژاردنی حکوومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت کە لایەنەکان لەسەری رێکبکەون و جێگای متمانەی گەل و ھێزە سیاسییەکانیان بێت و باس لە دووبارە شیکردنەوەی ماددەی ٧٦ی دەستوور و ھەڵوەشاندنەوەی سووڕانەی شەرمەزارکەرانە لە یارییکردن بە ئەم ماددەیە کە بەھۆی فشارە سیاسییەکانی دوای ھەڵبژارنەکانی ٢٠١٠ و روویانداوە بکرێت.

- ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق تایبەتە بە رێوشوێنەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و پێنج برگە لەخۆدەگرێت.

بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، سەرکۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن لە ماوەی ١٥ رۆژدا لە رۆژی ھەڵبژاردنی سەرکۆمارەوە، رادەسپێرێت بۆ ئەوەی حکوومەت پێکبھێنێت.

لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٧٦ی دەستووردا، ئاماژە بەوەدراوە کە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریی دەکات لە ماوەیەکی دیاریکراودا بە مەرجێک لە رۆژی راسپاردنییەوە، ٣٠ رۆژ تێپەڕنەبێت.

ھەروەھا لە بڕگەی سێیەمی ماددەی ٧٦ی دەستووردا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو نەیتوانی لەو ماوەیەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت بۆی دیاریکراوە حکوومەت پێکبھێنێت، ئەوا سەرکۆمار کەسێکی دیکە رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت لە ماوەی ١٥ رۆژدا.

بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی ٧٦ی دەستوور، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەت دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، پاش ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەزۆرینەی رەھا رەزامەندی دەربڕی لەسەر یەک بەیەکی وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەت، ئەوە مانای ئەوەیە کە متمانە دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران.

لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی ٧٦ی دەستووردا هاتووە "ئەگەر متمانە بە حکوومەت نەدرا، ئەوا لە ماوەی ١٥ رۆژدا، سەرۆکۆمار کەسێکی دیکە بۆ پێکھێنانی حکوومەت رادەسپێرێت".

ھەروەھا ھەڵبژاردنی سەرکۆمار پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە واتە ٢٢٠ دەنگ، ھەرچی وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەتە لە کۆی دەنگی ٣٢٩ ئەندام، پێویستییان بە ١٦٥ دەنگ ھەیە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە متمانەیان پێ بدرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازی کردووە کە لە دانیشتەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، پرسی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی، ھەروەھا ھێشتنەوە یان ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بخرێنە بەرباس و دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی بەپێی ماددە ٩٢ ی دەستوور تاوتوێ بکرێت.

داوایشی کردووە کە لە دانیشتەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانییدا، قسە لەسەر دووبارە بڵاوکردنەوەی ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان بکرێت، بەجۆرێک تەنھا وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی بڵاوکردنەوە و سەپاندنی ئاسایش لەسەرجەم شار و شارۆچکەکاندا بکات، ھێزەکانی دیکەش لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، جۆڵەپێکردنیان لە سەربازگەکانی مەشق و راھێنان، تەنھا بە فەرمانی فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان بێت.

محەمەد حەلبوسی پێشنیازی کردووە کە پرسەکانی دیکەی دانیشتنەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانیی تایبەت بێت بە تاوتوێکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

راشیگەیاندووە "لە دانیشتنەکانی داھاتووی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بەوردی گفتوگۆ بکرێت لەبارەی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەپێی رێککەوتنێک کە بۆ گەل ئاشکرا بکرێت تا ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز پەسەند دەکرێت".

دوێنێ سێی ئەیلوولی ٢٠٢٢، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای کرد، رۆژی پێنجی ئەیلوولی ٢٠٢٢ گەڕی دووەمی "دیالۆگی نیشتمانیی" ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کردووە.

رۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٢، لەسەر داوای مستەفا کازمی گەڕی یەکەمی "دیالۆگی نیشتمانیی" لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، جگە لە رەوتی سەدر بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی ئەنجامدرا.

ئەمەیش لە کاتێکدایە ١٠ مانگ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێردراو، ھەروەھا حکوومەتی نوێیش پێکنەھێنراوە.

 

AA





ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad