English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لیز تراس ده‌بێته‌ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا
2022-09-05 [02:46 AM]

ZNA- هەولێر


دواجار "لیز تراس"، بەسەر "ریشی سوناکی"ـی رکابەریدا سەرکەوت و بوو بە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 5ـی ئەیلول) ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، "لیز تراس"ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. بە پێی سستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات. 

"لیز تراس" توانی بە بەدەستهێنانی 81 هەزار و 300 دەنگ بەسەر "ریشی سوناکی"ـی رکابەریدا (ئەو نزیکەی 60 هەزار دەنگی بەدەستهێنا) سەربکەوێت و بچێتە خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت.

"لیز تراس"، دەبێتە میراتگری ئابوورییەک کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هەڵاوسانی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

حکومەت چەند رێکارێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داناوە و مەبەست لێی، یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و گاز بدەن.

بەشی پیشەسازی بەریتانیا هیوادارە سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە پشتگیری لەو پرۆژانە بکات کە پێش لە گرانتربوونی نرخی وزە دەگرێت.

خاتوو تراس، بەڵێنیداوە هەفتەیەک دوای ئەوەی وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، یارمەتی زیاتری هاونیشمانانی بدات.  

ئەو، دەیەوێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، پێشنیاری کەمکردنەوەی باجی تا ئاستی 30 ملیار پاوەند لە رێگەی بوودجەیەکی فریاگوزارییەوە، بدات.

خاتوو تراس، تا ئێستا وردەکاریی پلانی خۆی بۆ پیشگرتن لە هەڵاوسانی زیاتر ئاشکرانەکردووە. ئەو تەنها باسی ئەوەی کردووە کە دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی باجی ژینگە لەسەر وەسڵی وزە لاببات و پێش لە زیادبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بگرێت.

 

لیز تراس کێیە؟

لیز تراس، ساڵی 1975 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە. ئەو گوتبووی باوکی و دایکی (کە مامۆستای بیرکاری و پەرستار بوون) لە حزبی پارێزگارانیش چەپتربوونە.

خاتوو تراس لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبرال دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا، پشتگیری لە نەمانی پاشایەتی کرد.

ئەو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەکالۆریۆسی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری وەرگرت و دواتر وەک ژمێریار لە کۆمپانیای "شێل" کاری کرد و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی هزریی پاوانخواز بوو.

ئەو، لە زانکۆ چالاکی سیاسی هەبوو و لەو سەردەمەدا بوو بە ئەندامی حزبی پارێزگاران. لیز تراس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە.

تراس، تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاری کردووە و تا لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.

خاتوو تراس پێش لە راپرسیی ساڵی ٢٠١٦ لایەنگرنی مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بوو و پێیوابوو برگزیت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەلی کار، بەڵام دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە، کەمکەم بۆچوونی گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی بەهێزی دەرچوونی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپا.





ئەم هەواڵە 130جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad