English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چه‌ند زانیارییه‌كی نوێ لەبارەی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی پۆلیس و کارمەندانی ناوخۆ زانیاریی ده‌خرێته‌ روو
2022-09-10 [02:46 AM]

ZNA-هەولێر


ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكیدا، چەندین پرسی گرنگی تایبەت بە پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی ناوخۆ و مامەڵەی هاووڵاتییان لە داموو دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ''سكاڵای هاووڵاتییان، بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەنێرین و دەبێت وەڵامیش بدرێتەوە، وەڵام نەدرێتەوە دووبارە جەختی لێ دەكەینەوە، لای ئێمە سكاڵای خەڵك و وەڵامدانەوەیان بابەتێكی جدییە''.

پلەبەرزكردنەوە و ئیمتیازی خانەشینبوون
سەرەتا لەبارەی بابەتی پلەبەرزكرنەوەی هێزەكانی ناوخۆ بەتایبەت ئەوانەی پۆلیسن كە یان بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە، یان بێ بڕوانامەن، گوتی: "ڕێنماییەکان لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی ناوخۆ هەیە، ئەو ڕێنماییانە بە جۆرێكە بۆ ئەفسەران و پۆلیس ڕوون و ئاشكرایە، لەبارەی بڕوانامەكانیان و خزمەتیان و چۆنیەتیی پلەبەرزكردنەوەیان هەموو شت ڕوون كراوەتەوە''.

لەبارەی ئەو پۆلیسانەشەوە کە خزمەتیان باشە، بەڵام بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە، یان بێ بڕوانامەن و پلەبەرزكردنەوەیان بۆ ناكرێت، گوتی: "بڕیارە خولی ئەفسەران بۆ ڕێپێدراوانی پۆلیس بکرێتەوە و ئامادەکارییەکان بەردەوامن. بۆ ئەم خولە دەبێت كارمەندەكان دەرچووی زانكۆ بن. لە دەرەوەی دەرچووانی زانکۆ، دەرچووی پەیمانگە یان ئامادەیی ناتوانێت بەشداری ئەم خولە بکات. واتا كەسێك دەرچووی زانكۆ نەبێت ناتواندرێت ببێتە ئەفسەر. ئەفسەران بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە دەکرێن و پێویستە ئەوەی دەگاتە ئەو پایەیە دەرچووی زانکۆ بێت و توانای زانستی و ئەکادیمی لە ئاستێکی گونجاودا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاروبارەکانی خەڵک باشتر بەڕێوە ببات و لە پێداویستیەکانی بوونە ئەفسەر بۆ ئەم قۆناغە تێ بگات و بتوانێت دامەزراوەکان بەڕێوە ببات" '.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبارەی پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ ڕایگەیاند: "ئارەزووی جدیمان هەیە پڕۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ دەربچێت، پڕۆژەكە ئێستا لای حكوومەتە و لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردندایە. چونكە لێكەوتەی دارایی هەیە، بۆیە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر و ئامادەکاری دارایی هەیە. پەرلەمانیش پێی خۆشە لەم خولەی خۆیدا پڕۆژەكە پەسند بكات. هەموو هەوڵێك دەدرێت پڕۆژەكە بگاتە ئەنجامی خۆی، نازانم لەم خولەی پەرلەمان پڕۆژەكە پەسند دەكرێت، یان نا، بەڵام هەوڵێكی باش هەیە و حكوومەت و پەرلەمان پێكەوە كار بۆ ئەو بابەتە گرنگە دەكەن''.

میرانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پڕۆژەیە بكرێتە یاسا، بارودۆخی خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ بە تەواوی دەگۆڕێت و گوتیشی: "بەشێكی زۆریان خانەنشین دەبن و بارودۆخی خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ بەهۆی ئەو یاسایەوە بە تەواوی دەگۆڕێت. بەڵام گفتوگۆی زۆر لەسەر پڕۆژەكە هەیە، چونكە لێكەوتەی دارایی هەیە، ئەگەر یاساكە دەربچێت، زۆر لە هێزەكانی ناوخۆ خانەنشین دەبن. ئەمەش دەرفەت دروست دەکات کە گەنجان و خوێنی نوێ بێنە نێو هێزەكانی ناوخۆ، تاوەكوو شوێنی ئەوانە بگرنەوە كە بەهۆی یاساكەوە خانەنشین دەبن''.

نەهێشتنی ڕۆتین و زیادكرنی دەوام و پیادەكردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی

لەبارەی هەنگاوەكانی كابینەی نۆ بۆ نەهێشتنی ڕۆتین، بەرپرسەكەی وەزاەرتی ناوخۆ گوتی: "بۆ ئەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان خێرا ڕایی بكرێت، ئێستا دەوامی ئێوارانمان لە چەند فەرمانگەیەکی گرنگ كردۆتەوە، بۆ نموونە، دەوامی ئێوارانی بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆ كراوەتەوە. لە بەشی تابلۆی هاتوچۆی شارەکانیش بە هۆی فشاری زۆرەوە دەوامی ئێوارانیش کراوەتەوە بۆ ئەوەی کاروباری خەڵک بە باشی و خێرایی بەڕێوە بچێت. ئەو دەوامە خەرجی زیاتر دەخاتە سەر حكوومەت، بەڵام بۆ ئەوەیە ئیشوكاری خەڵك زوو ڕایی بكرێت. لە زۆرینەی دامەزراوەکانمان كییو سیستەم، یان سیستەمی نۆرە، داندراوە بۆ ئەوەی کاروباری خەڵک باشتر بەڕێوە بچێت. هاووڵاتی یەك دوگمە دادەگرێت و ژمارەی نۆرەی خۆی دەزانێت. لە زۆربەی فەرمانگەكانی وەزارەتی ناوخۆ ئەو سیستەمە هەیە و ڕێگری دەكات لە واسیتە و سڕەبڕی و هەركەس بە ڕەقەمی خۆی چاوەڕوانی نۆرەکەی دەكات''.

زیاتر گوتیشی: "هەندێك بابەتی ترمان بە ئەلیكترۆنی كردووە، بۆ نموونە گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل، بەشێكی لە پێشەنگاکان دەكرێت و بەشێكی دەچێتە فەرمانگەی هاتوچۆ، ئەوە بۆ كەمكردنەوەی سەردانی ژوورەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتینە''.

سكاڵا و گلەیی هاووڵاتیان بەدواداچوونی بۆ دەكرێت

لەبارەی بەداواچوون بۆ سكاڵاكانی هاووڵاتییانیشەوە گوتی: "سیستەمی سكاڵا ئۆنلاینمان هەیە. بە ئەو سیستەمە خەڵك بە تەلەفۆن و بە سكایب پێوەندی دەكەن، تەنانەت لەنێو وەزارەتی ناوخۆ چەند كابینەیەكمان هەیە، هاووڵاتییان دێن و بە سكایب قسە لەگەڵ تیمەكانی ئێمە دەكەن و ڤیدیۆكەیان ڕیكۆرد دەكرێت و سكاڵاكەیان دەكرێتە كاغەز و بۆ لایەنی پێوەندار دەنێردرێت. لە ڕێگەی ئیمێلێكەوە سكاڵا دەنێردرێت، تەنانەت لە ڕێگەی نامە بۆ پەیجی وەزارەت سكاڵام بۆ هاتووە و بەدواداچوونمان كردووە. ژمارەی هێلی گەرمی ٤١٤ بەردەوام کراوەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە تەلەفون سکاڵای خۆیان بەرز بکەنەوە. ئەو سكاڵایانە بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەنێرین و دەبێت وەڵامیش بدرێتەوە، وەڵام نەدرێتەوە دووبارە جەختی لێ دەكەینەوە. لای ئێمە سكاڵای خەڵك و وەڵامدانەوەیان بابەتێكی جدییە، چونكە بۆ ئێمە گرنگە بزانین لێكدانەوە و ڕای خەڵك لەبارەی بڕیارەكان و مامەڵەی ڕۆژانەیانەوە چییە''.

هێمن میرانی، لەبارەی قسەی خەڵك بۆ زیادبوونی پارەی دەرهێنان و تازەكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە ڕێگەی مۆڵەتی ئەلیكترۆنییەوە گوتی: "ئەو مۆڵەتە شۆفێرییەی جاران هەبوو، كاغەزێكی ئاسایی بێ هیچ جۆرە كۆد و سیكیۆرتییەك بوو، ئێستا سیستەمەکە دیجیتاڵییە، كۆمپانیایەكی یەكجار ناسراوی ئەڵمانیا سیستەمەکەی دامەزراندووە. هەر كارتەكە خۆی سیستەمی سیكیۆریتیی تێدایە و ساختە ناكرێت، هەروەها مۆڵە‌تی شۆفێری دابەشی 13 جۆر كراوە. پێشووتر تایبەت و گشتی بوو، خەڵك دەبێت تەماشای ئەو لایەنانە بكات، نەك زیادبوونی چەند هەزار دینارێك، ئێستا مۆڵەتەكە بە جۆرێك ڕێك خراوەتەوە كەسێك بە مۆڵەتێك ناتوانێت هەموو ئۆتۆمبێلێك لێ بخوڕێت بە بێ ئەوەی ڕاهێنانی پێویست وەربگرێت. ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک کەمتر دەکاتەوە و هاتوچۆ ڕێکتر دەخات''.

 

سه‌رچاوه‌ / باسنیوز 





ئەم هەواڵە 439جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad