English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دروستبوونەوەی 'شەڕی گەورە' لە سووریا دەدات
2022-09-14 [04:27 AM]

ZNA_ هەولێر


رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات بەوەی مەترسی هەیە قەیرانە 11 ساڵییەکەی سووریا بەرەو خراپی بڕوات و جارێکی دیکە "شەڕی گەورە" دروست ببێتەوە.

 

رۆژی چوارشەممە 14ی ئەیلوولی 2022 پاولۆ سێرجیۆ پینهێریۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵەرانی سووریا، راپۆرتێکی 50 لاپەڕەیی لەبارەی دۆخی مرۆیی و پێشێلکارییە مرۆییەکان پێشکێش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و دواتریش بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سووریا بەرگەی ئەوە ناگرێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ شەڕی گەورە، بەڵام وادیارە بەرەو ئەو دۆخە دەڕوات."

 

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، زۆر کەس ئەو بیرۆکەیەی لا دروستبووە کە شەڕ لە سووریا کۆتاییهاتووە، "بەڵام هەندێک لەو دۆکیۆمێنتانەی لەنێو راپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە دەیسەلمێنن ئەو جەنگە کۆتایی نەهاتووە."

 

لە راپۆرتەکەیدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵەرانی سووریا ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، پێشێلکاریی گەورە و زەقی مرۆیی لە سەرانسەری سووریا تۆمارکراون.

 

لە ساڵی 2011 دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکان دژی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەستیانپێکرد، دواتر خۆپێشاندانەکان خوێناوی بوون و دۆخەکە خراپتر بوو، پاشان شەڕی نێوخۆ سەریهەڵدا کە ئەو شەڕە بووەتە هۆی کوژرانی سەتان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا دۆخەکە هێور بووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە هاوکاریی رووسیا، سوپای سووریا کۆنترۆڵی 70%ی وڵاتەکەی گرتەوە دەست.

 

راپۆرتەکەی نەتەوە تەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپە جیاوازەکانی نێو سووریا سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاوای سووریا، ئەمەش دۆخی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی ئەوەندەی دیکە خراپتر کردووە.

 

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادان، پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە، لەوانەش هەڵکوتانە سەر ماڵان و ئازار و ئەشکەنجەدانی گیراوان. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، تۆپبارانەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن رووسیاوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

 

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کراوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نزیک لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە و فڕۆکەخانەی ئەو شارە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە نەیانتوانیوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەننە سووریا.





ئەم هەواڵە 115جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad