English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەماکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر کاردانەوەی لێکەوتەوە
2022-09-17 [09:45 AM]

ZNA - هەولێر


پرسی سەماکردنی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی لاوی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید لە یاریگەکاندا بووەتە پرسێکی گەورە لە ئیسپانیا، زۆرن ئەوانەی دژایەتی یاریزانەکە دەکەن و ریال مەدریدیش بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیی دەکات.

 

سەرەتای چیرۆکی ئەم پرسەی ڤینیسیۆس لە قسەکانی کۆکی، کاپتنی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە سەریهەڵدا، کاتێک گوتی " ئەگەر ڤینیسیۆس لە یاریگەی ئێمەدا سەما بکات، کێشەی گەورە روودەدات، بۆیە هۆشداریی پێدەدەم کە خۆی لەو کارە بپارێزێت."

 

دوای قسەکانی ئەم یاریزانە، هەریەکە لە نەیمار داسیلڤا و رافینیای بەرازیلی یاریزانانی پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا، پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڤینی دووپاتکردەوە و لە سۆشیاڵ میدیادا بۆیان نووسی " سەما بکە، ئەوە کلتورێکی ئێمەیە."

 

پێدرۆ براڤۆ، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرانی کاری یاریزانان لە ئیسپانیا دەڵێت " پێویستە ڤینیسیۆس رێز لە رکابەرەکانی بگرێت، ئەگەر دەیەوێت سەما بکات، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سامبادرۆم لە بەرازیل، لە ئیسپانیا پێویستە رێز لە رکابەرەکانت بگریت، بەسە رۆڵی مەیمۆن بگێڕیت."

 

ئەمە بەرازیلییەکانی زیاتر تۆڕەکرد، گابریێل جیسۆس هێرشبەری یانەی ئارسیناڵ بۆ ڤینیسیۆس نووسیی " سەما بکە، ڤینی."، دوای ئەوەش ئیدێر میلیتاو بەرگریکاری ریال مەدرید لە تویتەر نووسیوویەتی " ڤینی، براکەم ئاهەنگگێڕان بۆ گۆڵەکانت مافی تۆیە و هیچ رەگەزپەرستییەکی تێدانییە، چاوت لە زیاتر بێت و سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنە، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزگرتن لە هەموو لایەک."

 

ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل و جیهان، پێلێ لەسەر هەمان پرس هاتە سەرهێڵ و دەڵێت " تۆپی پێ خۆشە، سەماکردنە، لەوەش زیاترە، ئاهەنگێکی راستەقینەیە، بەڵام بەداخەوە هێشتا رەگەزپەرستی بەردەوامە، بەڵام رێگە نادەین رێگریمان لێبکات بۆ بەردەوامبوون لە زەردەخەنەکردن و بەردەوامدەبین لە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی، تێدەکۆشین بۆ ئەوەی مافی خۆشبەختیمان هەبێت و رێزمان بگیرێت."

 

هەریەکە لە ئیدواردۆ کاماڤینگا و ئورلیێن چوامینی، یاریزانانی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڤینیسیۆس دووپاتکردەوە و وێنەی ئەو یاریزانەیان بڵاوکردووەتەوە.

 

یانەی ریال مەدرید دوای رۆژێکی درێژ و قسەی زۆری هەمەلایەنە لەبارەی سەمای ئەو یاریزانەوە راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " یانەی ریال مەدرید هەموو جۆرێک لە رەفتار و رەگەزپەرستی و بێگانە لە بواری تۆپی پێ، وەرزش و ژیان بەگشتی رەتدەکاتەوە، ئەو لێدوانانەی لە ماوەی چەند کاژێری رابردووشدا لە بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی یانەکەشمان کراون بەهەمان شێوە."

 

ریال مەدرید پاڵپشتیی خۆی بۆ ڤینیسیۆس دووپاتکردەوە و نووسیوویەتی " خۆشەویستی و پاڵپشتی بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر دووپاتدەکەینەوە، ئەو یاریزانێکە لە تۆپی پێ تێدەگات، وەک هەڵوێستێک بە ئاراستەی ژیان بۆ خۆشی، رێز و گیانی وەرزشی."

 

یانە ئیسپانییەکە زیاتر نووسیوویەتی " رێکاری یاسایی لە دژی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگرینەبەر کە رەگەزپەرستی لە دژی یاریزانەکەمان بەکاردەهێنن."

 

درەنگانی شەوی رابردوو ڤینیسیۆس جونیۆر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەڵێت " لە سەماکردن ناوەستم، لە سامبادرۆم، یان بێرنابیۆ یانیش هەر شوێنێکی دیکە بێت."

 

یاریزانە بەرازیلییەکە گوتی " هەمیشە هەوڵدەدەم یاریزانێکی پیشەگەر و هاونیشتمانییەکی نموونەیی بم، بەڵام ئەمە رێگە لەو کەسانە ناگرێت کە ترسنۆکن و لەسەر ئینتەرنێت بە تووندی قسە لەسەر ئەو کەسانە دەکەن کە لە نزیکەوە هەر نایناسن."

 

ڤینی بەردەوامدەبێت لە قسەکردن و دەڵێت " لەناوەوە و دەرەوەی یاریگە، من کەسێک کە هاوکاریی پێگەیاندنی منداڵان و پەروەردەکردنیان دەدەم لە قوتابخانە حکومییەکاندا، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک هاوکاریی داراییم بکات، من قوتابخانەیەک بەناوی خۆمەوە دادەمەزرێنم، زۆر شت دەکەم بۆ پەروەردە، دەمەوێت نەوەی داهاتوو وەک من ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی و بێگانەپەرستان."

 

ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر گوتی " من لە وڵاتێکەوە هاتووم کە هەژاری ئەوەندە بەربڵاوە کە خەڵک دەستی بەخوێندن ناگات و لە زۆر کاتدا خوراکیان دەستناکەوێت، بەگشتی لەبەردەم خەڵکدا نایەمە دەرەوە بۆ رەخنەکان پووچەڵ بکەمەوە، هێرش دەکەنە سەرم و قسە ناکەم، ستایشم دەکەن و قسە ناکەم، من بەردەوام دەبم لە کارکردن و زۆر کاردەکەم."

 

هێرشبەرەکەی ریال مەدرید گوتی " من قوربانیی رەگەزپەرستی و بێگانەپەرستی بووم، بەڵام هیچ کام لەوانە دوێنێ دەستی پێنەکردووە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بەهۆی سەماکردنمەوە دەستکرا بە تاوانبارکردنم، ئەو سەمایەی کە هی من نییە، هی رۆناڵدینیۆ، نەیمار، پاکێتا، گریزمان، جواو و کونهایە، سەر بە هەموو هونەرمەندێکی بەرازیلی و فانکێکی سامبا و گۆرانیبێژێکی ریگێتۆن و رەشپێستەکانی ئەمریکایە."

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ئێلچی گوتی " هەموو یاریزانێک مافی خۆیەتی چۆن ئاهەنگ بۆ تۆمارکردنی گۆڵ دەگێڕێت، بەڵام بەبێ ئەوەی بێ رێزیکردنی تێدابێت."

 

رۆژی یەکشەممە لە یاریی دێربیی مەدریددا، هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەر یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەو یارییە کاردانەوەی زۆری لێبکەوێت، بەتایبەت ئەگەر ڤینیسیۆس گۆڵ بکات و سەما بکات.

 

رووداو





ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad