English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نیویۆرك... وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەڕەنسا کۆبوونەوە
2022-09-20 [11:50 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧ەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوێکه‌ی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ چۆنێتی پتەوترکردنی راوێژ و ھەماھەنگییەکانی نێوان بەغدا و پاریس تاوتوێ کراوە و فوئاد حوسێن سوپاسی حکوومەتی فەڕەنسای کردووە لەبەرامبەر پشتیوانییکردنی لە عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.

فوئاد حوسێن باسی ئه‌وه‌ی خسته‌روو، ھێزە سیاسییەکان ھەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری ھاوبەش بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەئامانجی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ئەنجام بدرێت.

باسی لەوەش کردووە کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەبارەی ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی و ھاتووە "وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەڕەنسا جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە کار بکرێت لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان و ھێورکردنەوەی رەوشەکە لە ناوچەکە، چونکە زیادبوونی گرژییەکان خزمەت بە ھیچ لایەک ناکات".

فوئاد حوسێن و کاترین کۆلۆنا، هەروەها باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران کردووە و لەوبارەیەوە جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە گفتوگۆکانی نێوان سعوودیە و ئێران لە بەغدا بەردەوامبن، بەئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیریی و دووپاتیشیان کردووەتەوە کە عێراق رۆڵی ئاشتییانە دەگێڕێت لە ناوچەکە.

لەبارەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا، فوئاد حوسێن و کاترین کۆلۆنا ئاماژەیان بە دەستپێشخەرییەکەی عێراق کردووە بۆ پێکھێنانی گرووپی پەیوەندیی عەرەبی کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بەجەنگی رووسیا-ئۆکراینا.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، کاترین کۆلۆنا پەرۆشی حکوومەتەکەی بۆ سەقامگیریی عێراق نیشانداوە و جەختیی کردووەتەوە کە فەڕەنسا پاڵپشتیی لە دەستپێشخەرییەکەی حکوومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و رایگەیاندووە "دەستپێشخەرییەکە، باشترین چارەسەرە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ".

کاترین کۆلۆنا هەروەها راشیگەیاندووە کە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پەرۆشی ئەوەیە دووەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و شەراکەت لە عەممان ببەسترێت.

 

AA





ئەم هەواڵە 112جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad