English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌رپه‌رشتيى واژۆكردنى ياداشتێكى لێكگه‌يشتنى ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن ده‌كات
2022-09-21 [12:53 PM]

ZNA-هەولێر


 

 

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/9/21 له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ سه‌رپه‌رشتيى ‏به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز ‏مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو سێلێست واڵنده‌ر، ‏ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و شاندى ‏ياوه‌رى و به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیران و ڕاوێژکارانی سه‌ربازی‌، ياداشتێكى لێكگه‌يشتن له‌نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكادا واژۆ كرا.‏

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد و تيايدا ‏ئاماژه‌ى به‌ قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر كرد و تيشكى خسته‌ سه‌ر ‏پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشكاندنى ‏داعش.‏

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها جه‌ختيى له‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى ‏نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر كرده‌وه‌ ‏و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سوپاسى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيران و فه‌رمانده‌ى ‏گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقى كرد.‏

له‌ وته‌كه‌يدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستان به‌ ‏هاوبه‌شێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا كرده‌وه‌‌ و سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى دۆستى كرد بۆ ‏هاوكارى و پشتگيرييان له‌ چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.‏

ئه‌مه‌ ده‌قى وته‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى يه‌: ‏

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

ڕۆژتان باش،

هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن..

به‌خێرهاتنى تايبه‌تى خاتوو سێلێست واڵنده‌ر، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و شاندى ياوه‌رى ده‌كه‌م. زۆر به‌ خێر بێن.

خۆشحاڵم به‌ ئيمزاكردنى ياداشتى لێكگه‌يشتن له‌‌نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكادا. وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن ساڵى 2016 له‌ژێر سه‌رپه‌رشتيى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانيدا يه‌كه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنيان ئيمزا كردووه‌.

ئه‌وسا ئه‌و ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌، پێشه‌نگ بووه‌. دڵنيايى و گه‌ره‌نتى داوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ دەتوانن له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها متمانه‌ى بۆ پێشمه‌رگه‌ دروست كرد كه‌ ئه‌مه‌ريكاى هاوبه‌ش و هاوپه‌يمانمان بۆ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستان پشتگيرى له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.

شه‌ڕى دژى داعش بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان مايه‌ى شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ كه‌ هاوشانى سه‌ربازانى ئه‌مه‌ريكاى دۆست و هێزه‌كانى ديكه‌ى هاوپه‌يمانان، توانييان تيرۆرستانى داعش تێكبشكێنن. له‌و شه‌ڕه‌دا پێشمه‌رگه‌ به‌ گيان و خوێن، قاره‌مانيه‌تيى خۆى بۆ هه‌موو جيهان سه‌لماند و بووه‌ مايه‌ى سه‌ربه‌رزيى ته‌واوى گه‌لى كوردستان.

لەم ڕۆژەدا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان داده‌نوێنين كه‌ له‌پێناو پاراستنى هه‌رێمى كوردستاندا گيانيان به‌خشى و شه‌هيد بوون. هه‌ميشه‌ به‌ شكۆوه‌ يادى ئه‌وان و قوربانيدانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

ئێمه‌ هه‌رگيز هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و قوربانيدانى هێزه‌كانيان لەپێناو و ئازادی و بەرگریدا، له‌بير ناكه‌ين. گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى كاريگه‌ر و پشتگيريى سه‌ربازيى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانێت و ستايشى ده‌كات.

له‌گه‌ڵ قاره‌مانيه‌تى و قوربانيدانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان بوو، كه‌ شه‌ڕى دژى تيرۆرى يه‌كلاكرده‌وه‌ و تيرۆرستانى داعش شكان.

له‌ ساڵى 2016ـه‌وه‌ چه‌ندین جار ياداشتى لێكگه‌يشتن له‌نێوان وه‌زارتى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆندا درێژ كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كرا ئه‌گه‌ر پشتگيريى كۆنگرێس و ئيداره‌ و حكوومه‌ته‌كانى ئه‌مه‌ريكا نه‌بووايه‌. لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى هه‌موويان بكه‌م. خۆشحاڵين كه‌ ئه‌مجاره‌ش به‌ هه‌وڵى هه‌ردوولا و له‌سه‌ر بنه‌ماى پێويستييه‌كانى قۆناغه‌كه‌، ياداشتێكى نوێ ئيمزا ده‌كرێت.

خاڵى هه‌ره‌ گرنگى ئه‌م ياداشته‌ ئه‌وه‌يه‌: هه‌ردوولا كۆكن كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جددى و ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هێشتا ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مه‌ريكا و هاوپەیمانان هه‌يه‌، ئه‌ويش به‌رده‌واميى هاريكاريى‌ هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولايه،‌‌ تا ئه‌و كاته‌ى به‌ يه‌كجارى داعش له‌ناوببردرێت. ئه‌مه‌ هه‌ر به‌ ته‌نها ئامانجێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مه‌ريكا نييه‌، به‌ڵكو ئامانجى هاوبه‌شى هاوپه‌يمانييه‌كى نێوده‌وڵه‌تييه‌ كه‌ ده‌يان وڵات له‌خۆ ده‌گرێت.

جگه‌ له‌مه‌، ئه‌م ياداشتى لێكگه‌يشنه‌، وا ده‌كات هاوبه‌شه‌ ئه‌مه‌ريكييه‌كانمان، پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و هاوكار و پشتيوان بن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.

هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستان دووپات بكه‌مه‌وه‌ بۆ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مه‌ريكا و دۆستانى ديكه‌مان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌وڵه‌كانيان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو لايه‌ك دڵنيا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ وێڕاى هه‌موو سه‌ختى و گرفته‌كانيش، ئێمه‌ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جددى و پابه‌ندين به‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ يه‌ك بخه‌ينەوە‌ و پرۆسه‌كه‌ سه‌ربكەوێت. كۆڵ ناده‌ين و له‌ڕووى سياسيشه‌وه‌ به‌رده‌وام كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌سه‌ر هێڵ و له‌ گفتوگۆی بەردەوامداين.

هه‌موومان و دۆستانيشمان باش ده‌زانين كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێويستى به‌ هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى نيشتمانيى ڕێكخراو، يه‌كگرتوو و پيشه‌يى هه‌يه‌. ئه‌مه‌ ئامانجێكى ڕوونى ئێمه‌يه‌ و ده‌بێ كارى جددى له‌سه‌ر بكرێت. نابێت‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆى بێهيوايى و نائومێديى خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان.

ڕاسته‌ هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراق و سووريا، به‌ڵام ئه‌وه‌ تاكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌حه‌دييه‌ك نييه‌ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌. ململانێ و ناكۆكيى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تيش له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادان كه‌ پێويسته‌ بە بايه‌خه‌وه‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ سيستمى به‌رگريى عێراق، ده‌بێ به‌هێز و تۆكمه‌ بێت و ڕۆڵ و ئاماده‌يى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا بگێڕێت.

به‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى دۆستمان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، پێويسته‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى ته‌واو له‌نێوانماندا هه‌بێت بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ كاريگه‌ريى ڕاسته‌وخۆى به‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌.

هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منييه‌كان، هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ئاماده‌يه‌ و پێويسته‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بێت و فراوانتر بكرێت.

سوپاس و پێزانينمان بۆ سه‌رۆك وه‌زيران و فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق به‌ڕێز مسته‌فا كازمى هه‌يه‌، بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى له‌پێناو پته‌وكردنى ئه‌و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ى له‌نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌دا هه‌يه‌.

به‌ڕێزان..

ئاگادارين كه‌ گفتوگۆى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن، له‌ كه‌شيكى دۆستانه‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شى و دۆستايه‌تى به‌ڕێوه‌ چووه‌. ئه‌مه‌ مايه‌ى خۆشحاڵى و پێزانينه‌. ئه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌ گرنگه‌ و به‌ سوودى هه‌ردوولا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئاسايش و ئاراميى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌پارێزێت.

سوپاس بۆ تيمى هه‌ردوولا و ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌م بۆ ئاماده‌كردنى ئه‌م ياداشته‌. ده‌مه‌وێ به‌تايبه‌تى سوپاسى خاتوو ده‌ينا ستروول، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكه‌م بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونى. دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان تا كۆتايى پابه‌نده‌ به‌ هاوبه‌شێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا و لەگەڵ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌و‌نابردنى تيرۆر و نه‌هێشتنى داعش و هەر مه‌ترسييه‌ك لە ناوچەكەدا.

سوپاس بۆ هه‌موو لايه‌كتان و هيواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم.

بەخێر بێن و زۆر سوپاس





ئەم هەواڵە 142جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad