ZNA – هەولێر
شارەزای بواری ئابوری راگەیاند، تەنها لە رێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە لە کۆتایی ئەمساڵ عێراق نزیکەی ١٢٠ ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت.
رۆژی شەممە، 25-9-2022، ناسر کەنانی شارەزای بواری ئابوری بە میدیا عێراقیەكانی راگەیاند، لە مانگی تەمموزی رابردوو لەرێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە عێراق ٦٣ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە.
كەنانی گوتیشی: پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە داهاتی عێراق بەرزبێتەوە و ١٢٠ ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.
شارەزا ئابوریەكە روونیشی كردەوە، عێراق لە رووی ئابوورییەوە دەبوژێتەوە و لە ساڵی داهاتوو پێویستی بە یاسای ئاسایشی خۆراک نابێت بە مەبەستی دابینکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرچاوە داراییەکانی عێراق سەرجەم خەرجییەکانی ئەو وڵاتەی دابین کردووە و لەگەڵ هەناردەکردنی نەوت رێژەی دەستکەوتی دارایی عێراق لە ماوەی ئەمساڵدا دەگاتە ١٤٥ ملیار دۆلار.
ئاشکراشی کرد، سەرچاوە داراییە نانەوتییەکانی وەک دەروازە سنوورییەکان و هەناردەی کاڵای دیکەی عێراقی بەشێکی گرنگ لە خەزێنەی دارایی عێراق پێکدەهێنن.
ئەم هەواڵە 373جار خوێندراوەتەوە |