ZNA – هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەستەمە بتواندرێت حکوومەتی نوێی عێراق بەبێ بەشدارییکردنی سەکردەی رەوتی سەدر، پێکھێندرێت، دەشڵێت، ھەر حکوومەتێک بەبێ بەشدارییکردنی رەوتی سەدر پێکبھێندرێت، بەرەوڕووی قەیران و ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە.
مستەفا کازمی لە چاوپێكەوتنێكدا بە ماڵپەڕی هەواڵیی " Al-Monotor" رایگەیاندووە: عێراق پێویستی بەوەیە لە رابردوو کە پڕە لە توندوتیژی دوور بکەوێتەوە، بەرەو ئایندەیەک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت، ھەنگاو بنێت، دەشڵێت: "لەئێستادا سەرجەم لایەنەکان لەوە تێگەیشتوون ئەستەمە بتواندرێت حکوومەتی نوێی عێراق بەبێ بەشدارییکردنی سەکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێکھێندرێت".
كازمی جەختی لەوەشكردووە: ھەر حکوومەتێک بەبێ بەشدارییکردنی رەوتی سەدر پێکبھێندرێت، بەرەوڕووی قەیران و ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بەرەوڕووی قەیرانی متمانە لەگەڵ جەماوەر بوونەتەوە، ئەگەری ھەیە دوورخستنەوەی سەدر بۆ نموونە، ئەوەی لە تشرینی یەکەمی 2019 دا روویدا، خراپتر دووبارە ببێتەوە".
مستەفا کازمی باسی لە کاری لەپێشنەی خۆی کردووە و گوتوویەتی: "لەئێستادا، کاری لەپێشنەم، ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشی کردووە کە ئێران، ژمارەیەک دۆستی لە عێراقدا ھەیە و دەتوانێت کاریگەریان لەسەر دروست بکات و ھانیان بدات لە بری بەکارھێنانی چەک، گفتوگۆ ئەنجام بدەن و گوتی: "ئێمە پێویستییمان بە پەیوەندی باش ھەیە و لەئێستادا، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئێراندا ھەیە".
ئەم هەواڵە 439جار خوێندراوەتەوە |