ZNA - ههولێر
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە بۆ دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دەشڵێت: چاپی نوێی دراوی عێراقی دەخەنە بازاڕەوە.
مستەفا غالب ئەمڕۆ سێشەممە (27ی ئەیلوولی 2022) لەمیانەی بەشداریکردنی لە كۆڕبهندی ئهلرافیدهین لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، کار لەسەر دەرکردنی چاپێکی نوێ دەکەن بە بەهاى 20 هەزار دینار، بە ئامانجی هاوسەنگی لەگەڵ پێداویستییەکان و هاوتاکردنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
سەبارەت بە پرسی لابردنی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی، مستەفا غالب لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: "لابردنی سفرەکان پێویستی بە دەرکردنی یاسایەک هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش رەشنووسی یاسایەک لەم بوارەدا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئامادەکراوە و پێشکەشی حکومەتی پێشوو کراوە".
K24
ئەم هەواڵە 355جار خوێندراوەتەوە |