ZNA – هەولێر
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لە خۆپێشاندەران دەکات، رێگە بە هیچ هەوڵێکی نانەوەی ئاژاوەگێڕیی نەدەن، هەروەها تاوەکو ئێستا قەدەغەی هاتووچۆ نییە، بەڵام دەکرێت هەندێک رێگە و پرد دابخرێن.
ئەمرۆ شەممە 1-10-2022، لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، رێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەبارەی مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا روونە و پلانی ئەمنیش بەپێی دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
رەسول گوتیشی: "ئێستا دۆخی هەموو پارێزگاکان باشە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رێنمایی بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەرکردووە کە بەکارهێنانی چەک دژی خۆپێشاندەران قەدەغەیە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان روونیشی كردەوە: "چەندین شوێن هەن کە هەواڵی نادروست بڵاودەکەنەوە، ئەوەش بە مەبەستی نانەوەی پشێوی و زیانگەیاندن بە ئاشتی کۆمەڵایەتییە، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین پشت بە ماڵپەرە فەرمییەکان ببەستن."
ئەم هەواڵە 409جار خوێندراوەتەوە |