ZNA - هەولێر لە یاریەکانی هەفتەی نۆیەمی خولی نایابی ئینگلتەرا و لە یاری دێربی دا یانەی ئارسناڵ میوانداری تۆتنهامی کرد.
لە ئەنجامدا تۆپ هاوێژەکانی ئارتێتا توانیان یاریەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سوودی خۆیان کۆتایی پێبهێنن.
لە تایمی یەکەمدا ئارسناڵی خاوەن یاریگا دەستپێشخەری کرد لە تۆمارکردنی گۆڵ و لە خولەکی 20 تۆماس پارتی یانەکەی کردە خاوەن گۆلێک،
بەڵام لە خولەكی 31 هاری کەین بە لێدانی سزا گۆڵی بەرامبەری بۆ یانەکەی تۆمارکردەوە.
لە تایمی دووەمدا ئارسناڵ باشتر بینرا و لە خولەکی 49 خیسۆسی بەڕازیلی گۆڵی پێشكەوتنی تۆماركرد، لە خولەکی 62 ئانتۆنی تایلوری ناوبژیوان، ئێمێرسونی یاریزانی تۆتنهام بە کارتی سوور کردە دەرەوە،
گرانێت شاکا لە خولەکی 67 گۆڵی سێیەم و دڵنیایی تۆمارکرد و یاریەکەش هەر بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
بەم سەركەوتنەش یانەی ئارسناڵ پێگەی خۆی لە پێشەنگ بەهێزترکرد بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ، یانەی تۆتنهامیش 17 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمدایە.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |