English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مسته‌فا كازمی: جگه‌ له‌ گفتوگۆ هیچ چارسه‌رێكی دیكه‌مان نییه‌
2022-10-03 [04:47 AM]

ZNA-هەولێر


مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ، له‌ وتارێكدا، كه‌ له‌ مه‌راسیمی پێنجه‌م ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لال تاڵه‌بانی پێشكه‌شیكرد، رایگه‌یاند، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵچوون دامه‌زراوه‌. گوتیشی: ئێستا له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌ ئارامگری و دانایی و سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی مام جه‌لال هه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌كان.

پوخته‌یه‌ك له‌ وته‌كانی:

- ئه‌مڕۆ هاتووینه‌ته‌ ئێره‌، بۆ ئه‌وه‌ی یادی كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی نیشتمانی بكه‌ینه‌وه‌. كه‌ رووحی تێكۆشانی به‌به‌ردا كرابوو، باڵایه‌كی به‌رزی ره‌گداكوتاوی هه‌بوو، ئه‌مڕۆ یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ زۆر پێویستمان به‌ ئارامگریی و حیكمه‌ته‌كه‌ی هه‌یه‌، بۆ رێگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌ی قه‌یرانه‌كان و نزیكخستنه‌وه‌ی تێڕوانینه‌ هاوبه‌شه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی ونبووی نێوان برایانی وڵاته‌كه‌ماندا، ئه‌وانه‌ی كه‌ قوربانی زۆر و خوێنی به‌ به‌هایان له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی خه‌بات له‌ پێناو دیموكراتی و نیشتمان و ئازادییه‌كه‌ی رشتووه‌.

- ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا یادی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین، به‌ها و ئه‌خلاق له‌ جیهانی سیاسه‌تیدا نه‌ماوه‌، زمانی تۆمه‌ت و ته‌خوین زاڵه‌ به‌سه‌ر زمانی هێوری و دیالۆگ و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌.

- ئه‌مڕۆ له‌ سایه‌ی ئه‌و چه‌قبه‌ستووییه‌ سیاسییه‌ی تووشی بووین، وڵاته‌كه‌مان له‌ بۆشایی كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك مام جه‌لالدا ده‌ژی.

- بیره‌وه‌ری زۆرم له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤایه‌تی كاری ده‌كرد و كاری سیاسی له‌ پێناو ئازادی و دیموكراسی ده‌كرد. له‌ پێناو مرۆڤ و نیشتمان و دادپه‌روه‌ریدا كاری ده‌كرد.

- ده‌بێت پارێزگاری له‌و ده‌ستكه‌وته‌ بكه‌ین، كه‌ مام جه‌لال خه‌باتی بۆ ده‌كرد.

- له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كاندا، مام جه‌لال هه‌موو لایه‌كه‌ی كۆده‌كرده‌وه‌ و كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كردن.

- نه‌خشه‌ڕێگه‌ی مام جه‌لال هه‌موو چاره‌سه‌رێكی ده‌ستنیشان ده‌كرد، كاری بۆ ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی ده‌كرد.

- پێویسته‌ لایه‌نه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، له‌ پێناو چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

- گه‌لی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ده‌بێت ئامانجی سه‌ره‌كی بن، پێویسته‌ هه‌موومان كاریان له‌ پێناودا بكه‌ین.

- عێراقییه‌كان ده‌توانن جارێكی دیكه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر شانۆی جیهان و وێنای خۆیان كه‌ شیاوی مێژوو و پێگه‌ی عێراقه‌ پیشانی جیهان بده‌نه‌وه‌.

- پێویسته‌ ده‌ستبگرین به‌ گفتوگۆوه‌ و جگه‌ له‌ گفتوگۆ هیچ چارسه‌رێكی دیكه‌مان نییه‌. ئه‌وه‌ ته‌نیا رێگه‌یه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌كان. ئه‌گه‌رنا ئاگر هه‌موومان ده‌سووتێنێت.

- ئازایه‌تی راسته‌قینه‌ بریتییه‌ له‌ پارێزگاریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كان و ئاسایش و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تییان.

- هه‌موو لایه‌ك درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كی برایانه‌ی ئه‌رێنی له‌ نێوان حكومه‌تی ئیتیحادی و حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌یه‌.

- شاراوه‌ نییه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ دوای چه‌ند قۆناغێكی گرژی و ئاڵۆزی دێت، كه‌ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی هه‌ردوولادا هاتبوو.

- گه‌یشتن به‌م ئاسته‌ له‌ بۆشاییه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌نجامی بنه‌مای گفتوگۆ و پێشكه‌شكردنی نیازپاكی و سیاسه‌تی هێوركردنه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵچوون بووه‌.

- هه‌ندێك ئاسته‌نگ و گرژی كه‌ هه‌ن، هه‌ندێكیان به‌ ئه‌نقه‌ست درووست كراون، به‌ مه‌به‌ستی شكستهێنانی ئه‌زموونی حكومه‌ت بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ زۆربه‌یانمان تێپه‌ڕاندووه‌. دواهه‌مینیان ره‌زامه‌ندی بوو له‌سه‌ر خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی جوتیارانی هه‌رێم، كه‌ دوێنێ واژووم كرد، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌یان وه‌ربگرن.

 





ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad