ZNA - ههولێر
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان ئاشکرایکرد، دوای دەستبەکاربوونی بانکی نیشتیمانی لە ساڵی ئایندە، دۆلار لە رێگەی ئەو بانکەوە دەخرێتە بازاڕ، وتیشی، کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو دەبێت.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان، رایگەیاند: "ساڵی داھاتوو بانکی نیشتیمانی ھەرێم دەکەوێتە کار و کاریگەری لەسەر رەوشی بازاڕی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە جگە لە رێکخستنەوەی کاری بانکی ئەو بانکە مافی پێدانی پێشینەکانی ھەیە و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە چەندین خزمەتگوزاری بانکی سوودمەند دەبن لەبەر ئەوەش دامەزراندنی بانکی نیشتیمانی کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان گوتیشی: "رۆژانە لەلایەن بانکی نیشتیمانی ھەرێمی کوردستانەوە دۆلار دەخرێتە بازاڕەوە، چونکە لە ئێستادا بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیاکانی دراوەوە دۆلار دەخاتە بازاڕ و ئەگەر بانکی ھەرێم دەست بەکاربێت ئەو کارە لە رێگەی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەکرێت".
مەولوود سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بەشێکی ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕ بانکی نیشتیمانی ئەنجامی دەدات و ئەو ھەنگاوەش کاریگەری لەسەر بازاڕی دراو لەھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە بەپێی سیستەمی بانکی رۆژانە دۆلار لە رێگەی چەند کۆمپانیایەک دەخرێتە بازاڕ و دابەش دەکرێت، ئەمەش یەکێکە لە ھەنگاوە ئەرێنیەکانی بانکی نیشتیمانی".
KDP.info
ئەم هەواڵە 358جار خوێندراوەتەوە |